رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، شاندێکی حکومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەستەی تەحریری شام کۆبووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 20-12-2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانی شاندەکەی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ دیمەشق گوتی: "باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی تەحریری شام کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بنەمایانەی لەنێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە عەقەبە (لە ئوردن) رێککەوتنیان لەبارەوە کرا".
باڵیۆزخانەکە دەنووسێت: "یەکێک لە بنەماکان پاڵپشتیکردنە لە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کە ئەنجامەکەی پێکهێنانی حکومەتێک بێت نوێنەرایەتی خەڵکی سووریا بکات کە ئەو حکومەتەش رێز لە مافی سووریاییەکان بگرێت".
پێش کۆبوونەوەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، سێ دیپلۆماتی باڵای ئەو وڵاتە لە دیمەشق گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی سۆراخی ئۆستن تایس، رۆژنامەڤانی ئەمریکی و هاووڵاتییە بێسەروشوێنبووەکانی دیکەی ئەمریکا بکەن.
ئەمە یەکەمین شاندی ئەمریکییە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە سەردانی دیمەشقی کردبێت.
ئەمریکا ساڵێک دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا، واتە لە ساڵی 2012، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند.
سەردانی ئەم شاندە ئەمریکییە بە هەنگاوێکی گەورە بۆ گەڕانەوەی رۆڵی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەمریکا لە سووریا دادەنرێت، لە کاتێکدا بە درێژایی شەڕی نێوخۆ، رۆڵی واشنتن تەنیا سەربازی بوو.
ئیدارەی بایدن لەگەڵ سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانەی کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا لە پەیوەندیدا بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی هەتەشە کە سەرەڕمی رووخاندنی بەشار ئەسەد بوو، لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، پەیوەندییەکە راستەوخۆ و لەسەر ئاستی باڵا نەبووە.
دوو ئەندامەکەی دیکەی شاندەکە پێکدێن لە رۆجەر کارستنس، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان و دانیێل روبنستاین، راوێژکاری تایبەتی نوێی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا.
باربارا لیف
- لە 13-05-2022ـوە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک
- بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بووە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
- لە 2015 بۆ 2018 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئیمارات
- لە 2011 بۆ 2013 جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبی
- لە 2004 بۆ 2006 راوێژکاری سیاسی بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سارایێڤۆ - بۆسنە
- جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری عێراق
- بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری ئێرانی بووە.
- بڕوانامەی ماستەری لە کاروباری دەرەوە هەیە.
- بە زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی، ئیتاڵی، سربی و کرواتی دەتوانێت قسە بکات.
رۆجەر کارستێنس
- لە 31-10-1964 لەدایکبووە
- لە 01-03-2020ـوە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ کاروباری بارمتەکان
- جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە لە نووسینگەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و کار لە سەردەمی ترەمپ.
- سەرپەرشتیی ئازادکردنی چەندین بارمتەی کردووە.
- دەرچووی ئەکادیمیای سوپای ئەمریکایە لە 1986.
- ماستەری لە ئاسایشی نیشتمانی هەیە.
- بەشداری جەنگی عێراقی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ