رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، گەورە نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە دیمەشق و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام کۆببێتەوە.
رۆژی هەینی، 20ی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، شاندێکی دیپلۆماسیی ئیدارەی بایدن گەیشتوونەتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا کۆدەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا شەرع و گرووپەکەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان.
هەریەک لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دانیاڵ رۆبینستاین، نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئەندامی شاندەکەن و لەگەڵ شەرع کۆدەبنەوە، ئەمەش وەکو هەنگاوێکی سەرەتایی ئیدارەی بایدن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.
رۆجێر کارستن، یەکێکی دیکەیە لە ئەندامانی شاندە ئەمریکییەکە، کاروباری بارمتەکان بەڕێوەدەبات و ئێستاش بەدوای ئەو ئەمریکییانەدا دەگەڕێت کە بێسەروشوێن بوونە. پێشتریش کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەسەر ئۆستن تایس، ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییەی لە ساڵی 2012 رفێندرا.
ئەو سەردانەش لەکاتێکدایە، ئەحمەد شەرع کە بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسراوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سزاکانی سەر گرووپەکەی و هەروەها سەرجەم سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرن، تاوەکو بتوانن دۆخی ئابووری سووریا و خەڵکەکەی جارێکی دیکە سەقامگیر بکەنەوە.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمدا، چەند جارێک ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە واشنتن خوازیارە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق، حکومەتێکی بنکەفراوان پێکبهێنن کە سەرجەم نوێنەرانی سووریای تێدا بەشدار بێت و رێز لە مافی پێکهاتەکان و ئافرەتان بگرن.
بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئەمریکا جێبەجێکردنی ئەو داوایانەی کردووەتە مەرج بۆ لابردنی تەحریر شام لە لیستی تیرۆری واشنتن.
سەردانەکەی شاندە دیپلۆماسییەکەی ئەمریکا لەدوای ئەوە دێت کە لەماوەی هەفتەی رابردوودا، هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا شاندی دیپلۆماسییان بۆ دیمەشق رەوانە کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.
رۆژی پێنجشەممە، لەبارەی ئەگەری ناردنی شاندی ئەمریکی بۆ سووریا، بلینکن رایگەیاند، "گرنگە پێوەندییەکی راستەوخۆمان لەگەڵیان هەبێت."
بەگوێرەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تەحریر شام و ئەحمەد شەرع، واشنتن بۆی نییە هیچ هاوکارییەک بۆ سووریا دابین بکات، بەڵام دەتوانن پەیوەندیان هەبێت و گفتوگۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ