هەسەدە نەرمی دەنوێنێت و تورکیا ئاگربەست رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئاڵای هەسەدە و ئاڵای سەربەخۆیی سووریایان هەڵکرد و بە گوتنەوەی درووشمی "گەلی سووریا یەکە،" داوا دەکەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە بوەستێنن.
نەسرین ئەحمەد، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "دەمانەوێت بە رای گشتی و بەو حکومەتەی ئێستا لە سووریا هەیە بڵێین، لەسەر چ بنەمایەک سووریا رزگارکراوە، لەکاتێکدا ئێمە لە کۆبانێ و لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەژێر مەترسی و هەڕەشەی تورکیاداین."
کامیران سانجۆ، خەڵکی قامشلۆیە و لە خۆپێشاندانەکەدا بەشدارە، ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ گەلی سووریا و گەلی کورد یەکێتییان دەوێت، ئەگەر بمانەوێت سووریایەکی دیموکراتی و ئازادمان هەبێت، پێویستە گوێ لە یەکدی بگرین و مافی هەمووان بدەین، مافی کەس پێشێل نەکەین."
تورکیا بە دەستپێشخەریی هەسەدە بۆ دروستکردنی ناوچەی لە چەک داماڵراو لە کۆبانێ رازی نەبوو، ئاگربەستیشی رەتکردەوە.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ئاگربەستەی بۆ دەوروبەری منبج راگەیێندرابوو، تا کۆتایی هەفتەکە درێژکراوەتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە ئەوەی رەتکردەوە.
تورکیا کە بیانووی هێرشەکانی هەبوونی ئەندامانی پەکەکەیە لەنێو هەسەدەدا رایگەیاند، تاوەکو هەسەدە چەک دانەنێت، لە هێرشەکانیان ناوەستن.
سەرۆکی ئەو هاوپەیمانییەی کە هێزەکانی لەلایەن ئەنقەرەوە پشتیوانی دەکرێن و شەڕ لە دژی هەسەدە دەکەن، دەڵێت، مەرجی وەستاندنی هێرشەکان ئەوەیە پەکەکە سووریا جێبهێڵێت.
هادی بەحرە، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاند، "ئێوە دەزانن کێشەی کۆبانێ، عەین عەرەب، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کێشەیەکە خوێن لە دڵ دەچۆڕێنن. هۆکاری کێشەکە هەبوونی رێکخراوێکی تیرۆریستییە لەو ناوچانە. ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە مەترسی لە نێوخۆی سووریا و بۆ سەر وڵاتانی دراوسێش دروست دەکات، تاوەکو ئەو رێکخراوە بمێنێتەوە، ئەم دۆخە ناهەموارە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش بەردەوام دەبن."
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە نوێترین هەڵوێستیدا دان بە هەبوونی ئەندامانی پەکەکە لە ریزەکانی هەسەدەدا دەنێت و دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاگربەست رێکبکەون، ئەوا هەموو ئەو شەڕڤانانەی خەڵکی دەرەوەی سووریان، وڵاتەکە جێدەهێڵن.
مەزڵووم عەبدی ستایشی شەڕڤانە بیانییەکانی کرد کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە تێکشکاندنی داعشدا یارمەتیی هەسەدەیان داوە. هەروەها روونی کردەوە، بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی رابردوودا سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچە بنەڕەتییەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست رابگەیێندرێت.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.