لە سووریا بەهۆی هەژارییەوە رێژەی سەڵتی بۆ 70% بەرزبووەتەوە؛ "قورسە ماڵت هەبێت و منداڵ بەخێو بکەیت"

22-12-2023
لهۆن نەسرەدین
وێنەی کوڕ و کچێک لە سووریا
وێنەی کوڕ و کچێک لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

توێژینەوەیەک دەریدەخات، 70%ـی هاووڵاتییانی سووریایی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەڵتن.
 
رەمەح جوما، هاووڵاتییەکی سووریایە و دەڵێت، "بیرۆکەی هاوژینیمان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام لەم دۆخە خراپە ئابوورییەی ئێستادا بیری لێ ناکەینەوە. لە 2011وە زەحمەتە بتوانیت ماڵت هەبێت و منداڵ بەخێو بکەیت، بۆیە بیر لە هاوژینی ناکەینەوە." 
 
لە ناوچەکانی دەرەوەی دیمەشق بە تایبەتی ئەوانەی کە خانووی زێدەڕۆیان تێدایە، خانووی کرێ مانگانە لانیکەم بە 100 دۆلارە. 
 
کڕینی خانوویەکی 100 مەتر دووجایی لەو ناوچانە کە لە دوو ژوور و هۆڵێك پێکدێن لانیکەم بە 15 هەزار دۆلارە. ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا حکومەتی سووریا مووچەی کارمەندانی بە رێژەی 100% بەرزکردەوە بەو دۆخەشەوە هێشتا مووچەی کارمەندێک لە نێوان 20 تا 50 دۆلاری ئەمریکیدایە.
 
عەلا، هاووڵاتی سووریایە و گوتی، "ئەوەی کە بیر لە هاوژینی دەکاتەوە سەرەتا دەبێت خانوویەکی هەبێت یان ئەوەتا بە کرێ خانوو بگرێت کە ئەوەش دیسانەوە گرانە و کەلوپەلی نێو ماڵیش بە ئەستەم دەکڕدرێت، ئەگەر حکومەتیش بە قەرز پارەکەی پێ بدات، ئەی باشە بە چ مووچەیەک دەتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە؟" 
 
شەڕی نێوخۆ و سزاکانی رۆژئاوا و ناسەقامگیری سیاسی، ئابووریی سووریای داڕماندووە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 90%ـی سووریاییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە