وەزیری دەرەوەی سووریا و بەڕێوبەری یونیسێف تاوتوێی هاوکاریکردنی منداڵان دەکەن

20-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا و بەڕێوبەری هەرێمیی ئاژانسی پاراستنی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی هاوکاریکردنی منداڵان دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 6.5 ملیۆن منداڵ لەو وڵاتەدا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.
 
رۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2022، میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ ئادێل خدر، بەڕێوبەری هەرێمیی یونیسێف لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەتەوە.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، هەردووکیان باسیان لە کاریگەریی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تەندروستی و پەروەردەی منداڵ و کاری یونیسێف بۆ هاوکاریکردنی منداڵان لە سووریا کردووە. 
 
فەیسەڵ میقداد لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەڕێوبەری هەرێمیی یونیسێف رەخنەی لە کاریگەرییەکانی شەڕ و ململانێ و سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر کەرتەکانی ئابووری، پەروەردە، تەندروستی و منداڵان گرت. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 14.6 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە کە 6.5 ملیۆن لەوانەش منداڵن.
 
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە سووریا رووبەڕووی قورسترین قەیرانی ئابووری بووەتەوە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 دا شەڕی نێوخۆ لە وڵاتەکەدا سەریهەڵدا. ئەوەش جگە لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا، کە تەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیوە.
 
بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوریا لە ساڵی 2011ـەوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس کوژراون و وڵاتەکە پارچە پارچە بووە و ئابووری و ژێرخانی وڵاتەکەش وێرانبووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا 90٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و 12 ملیۆن و 400 هەزار کەسیش ئاسایشی خۆراکیان نییە. 
 
دراوی نێوخۆیی وڵاتەکە، لەم مانگەدا نزمترین ئاستی تۆمارکرد؛ زیاتر لە 6,000 لیرەی سووری بەرامبەر بە یەک دۆلار لە بازاڕی رەشدا مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2011دا هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 47 لیرەی سووری بوو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە