لە حەلەب دژی گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی خۆپێشاندان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە شاری عەزازی پارێزگای حەلەب لە سووریا، لە دژی گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی خۆپێشاندان کرا کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە بەڕێوەبرا. خۆپێشاندەران لە دژی بەشداریی بەشار ئەسەدیش دوای نزیکەی 12 ساڵ لە لووتکەی ساڵانەی کۆمکارەکە، درووشمیان دا.

بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە دەڵێن، دەستی بەشار ئەسەد بە خوێنی خەڵکی وڵاتەکەی سوورە و بەخشینەوەی متمانە پێی کارێکی ناڕەوایە. هەمزە خەوجە، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "گرنگ نییە چەند هەوڵبدەیت متمانە بە سیستمی رژێمی بەشار ئەسەد بدەیتەوە، ئەو هەر سیستمێکە لە نێو خوێنی میلـلەتی سووریادا نقوومبووە. تاوەکو ئەمڕۆش هەزاران خەڵک لە زیندانەکاندا هەن ئەشکەنجە دەدرێن."
 
رۆژی هەینی لە لووتکەی ساڵانەی کۆمکاری عەرەبی پێشوازییەکی گەرم لە ئەسەد کرا. خۆپێشاندەران پێیانوایە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکارەکە دەبنە هاوبەشیی ئەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
 
هالە ئیبراهیم، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێمە پەیامێک بۆ تەواوی وڵاتانی عەرەبی دەنێرین؛ بەشار ئەسەدتان پیرۆز بێت، ئێستا ئێوەش ژمارەیەک تاوانبارن و تا دێت تاوانەکانتان زیاد دەکەن. ئەمە خاڵێکی رەشی دیکەیە بۆ ئەو خاڵە رەشانەی لەسەر پەڕاوەکانتانە."
 
لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی سووریاوە کە دواتر سەری بۆ شەڕی نێوخۆ کێشا؛ نزیکەی 500 هەزار کەس کوژراون و 11 ملیۆنیش دەربەدەربوون. تاوەکو ئێستاش 5 ملیۆن و 500 هەزار کەس کۆچبەرن و 15 ملیۆن و 300 هەزار کەسیش پێویستیان بە هاریکاریی مرۆیی دەستبەجێ هەیە.
 
عیسام خەتیب، ئاوارەی حەلەب دەڵێت، "ئێمە لە خێزانەکەمان زیندانیمان هەیە کە بێسەرووشوێنن و زیاتر لە 100 شەهیدیشمان هەیە. داوا لە گەلانی عەرەبی دەکەین گوشار لە حکومەتەکانیان بکەن بۆ پێداچوونەوە لەو جووڵە شەرمەندانەیە و گوشار لە بەشار ئەسەد بکەن دەستلەکاربکێشێتەوە و بچێتە بەردەم دادگە."
 
دابڕانی ئەسەد لە گۆڕەپانی دیپلۆماسییەتی جیهان و کۆمکاری عەرەبی نزیکەی 12 ساڵی خایاند، بەڵام بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵ ئەو نێوەندەی بەرەبەرە چاککردەوە. ناردنی هاریکاریی بۆ زیانلێکەوتووان سەری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کێشا و پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا جموجووڵە سیاسی و بازرگانییەکانی سووریا و وڵاتانی عەرەب روو لە زیادبوون بکەن.