رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پێدانی مۆڵەتی کارکردنی رۆژنامەڤانان و دامەزراوەکانی میدیایی لە وەزارەتی راگەیاندنی سووریا رایگەیاند، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، زیاتر لە 2000 مۆڵەتی کارکردنیان داوەتە رۆژنامەڤانان.
مستەفا کەتتاب، بەڕێوەبەری پێدانی مۆڵەتی کارکردنی رۆژنامەڤانان و دامەزراوەکانی میدیایی لە وەزارەتی راگەیاندنی سووریا بە رووداوی راگەیاند، "ئازادیی رەها"ـیان بە کاری رۆژنامەڤانان و راگەیاندنەکان داوە و، هێڵی سووریان بۆ کەس نەبووە.
مستەفا کەتتاب دەڵێ "لە سەرەتای پرۆسەی ئازادییەوە، زیاتر لە دوو هەزار مۆڵەتی کارکردنمان بە زیاتر لە هەزار و 500 شاند و نێردەی میدیایی و راگەیاندنکاران داوە." دەشڵێت، ئەم دەستپێشخەرییە لەپێناو ئاسانکاری بووە بۆ چالاکیی راگەیاندن و میدیاکاران لە سووریا.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی راگەیاندنی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژەی بەوە دا ئاسانکاری زۆر بۆ رۆژنامەڤانان، بە تایبەتی بیانییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی سەردانی سووریا بکەن و رووماڵی دۆخی وڵاتەکە بکەن.
بەگوتەی ئەو "بەستەرێکی تایبەتمان لە ماڵپەری فەرمیی وەزارەتی راگەیاندن داناوە. رۆژنامەڤانانی بیانی دەتوانن لە بەستەرەکەدا فۆڕمی داواکاری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن لە سووریا پڕبکەنەوە. دوای وەرگرتنی رەزامەندیش، سەردانی وەزارەت دەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدەین."
کار و چالاکییەکانی ئێستای وەزارەتی راگەیاندن بەراورد بە کارەکانی وەزارەتی راگەیاندن لە سەردەمی رژێمی پێشوو، وەک مستەفا کەتتاب دەڵێ "جیاوازییان زۆرە."
کەتتاب گوتیشی "کۆت و بەندی زۆر ئاڵۆز هەبوو، کاری راگەیاندنی بیانی زۆر سەخت و تەنانەت ئەستەم بوو. بەتایبەتی لە پرسی رووماڵکردنی رووداوە نێوخۆییەکانی سووریا دا. هاتنی رۆژنامەڤانان بۆ رووماڵی رووداوەکانی سووریا بەهەموو شێوەیەک قەدەخەکراو بوو."
سەبارەت بەو بابەتانەی رۆژنامەڤانان رووماڵی دەکەن، مستەفا کەتاب گوتی "سەرەتا کاری زۆربەی میدیاکان رووماڵی تاوانەکانی رژێمی رووخاو بوو؛ جا لە زیندانەکان بێت یان کۆمەڵکوژییەکان و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان تاوەکو دەگاتە بابەتە جیاوازەکانی دیکە کە پەیوەندیی بە دڕندەیی رژێمەوە هەبوو."
بە گوتەی کەتاب، "میدیا و راگەیاندنە بیانییەکان رۆڵی زۆر گەورەیان هەبووە لە ئاشکراکردنی تاوانەکانی رژێم بۆ هەموو جیهان. بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی رژێمدا کۆت و بەندی زۆر هەبوو، جیهان راستییەکانی نەدەزانی، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی، جیهان دیوە قێزەونەکەی رژێمی رووخاویان بینی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ