ئەنجوومەنی سەربازیی منبج: لە پێکدادانێکدا دوو چەکداری سەر بە تورکیا کوژران

20-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان شەڕڤانانی ئەو ئەنجوومەنە و چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە رۆژئاوای منبج، دوو چەکدار کوژران و ژمارەیەک چەکداری دیکەش بریندار بوون.
 
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەیە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە گوندەکانی سەیادە و تەڵ کە دەکەونە رۆژئاوای شاری منبج لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب، شەڕێکی تووند لە نێوان هێزەکانیان و چەکدارانی سەر بە تورکیا دروستبووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، چەکدارانی سەر بە تورکیا ئەو دوو گوندەیان تۆپباران کردووە، لە بەرامبەریشدا شەڕڤانان بە تووندی وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بە هۆیەوە دوو چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون و ژمارەیەک چەکداری دیکەش بریندار بوون.
 
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کە هێزەکانی سەر بە تورکیا رۆژی دووشەممە، 19ی شوباتی 2024، گوندی قرت وێرانیان لە رۆژئاوای شاری منبج تۆپباران کردووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، چەکدارانی سەر بە تورکیا لە بنکە سەربازییەکەیان لە گوندی شێخ ناسرەوە، تۆپبارانی گوندی قرت وێرانیان کردووە کە بە هۆیەوە زیانی مادی لێکەوتووە و ترس و دڵەراوەکێشی لە نێو دانیشتووانی گوندەکەدا دروستکردووە.
 
شاری منبج لە ساڵی 2016 لە دەست چەکدارانی داعش دەرهێنرا و لەو کاتەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ‌هێزەکانی هەسەدە دایە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە