بە سێ درۆن بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە سووریا دەکرێتە ئامانج


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، بە سێ درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان لە ناوچەی تەنف لە باشووری سووریا و لە ئەنجامدا دوو ئەندامی سوپای ئازادی سووریا برینداربوون. 
 
رۆژی هەینی، 20ـی کانوونی دووەمی 2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەیانیی ئەمڕۆ بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی تەنەف لە سووریا. دوو لەو درۆنانە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خرانە خوارەوە و یەکێکیان بەر بنکەکە کەوت."
 
سێنتکۆم دەشڵێت، لە ئەنجامدا دوو ئەندامی سوپای ئازادی سووریا برینداربوون "کە ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن"؛ دەشڵێت هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە هێرشەکەدا بریندار نەبووە. 
 
جۆ بوچینۆ، گوتەبێژی سێنتکۆم لەوبارەیەوە دەڵێت: "هێرشی لەم جۆرە قبووڵکراو نییە. ئەم جۆرە هێرشانە مەترسی دەخەنە سەر سەرباز و هاوبەشەکانمان و شەڕی دژی داعشیش دەخەنە مەترسییەوە". 
 
نزیکەی 200 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی تەنەف هەن کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان سووریا و ئوردن؛ ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە راهێنان بە هەندێک گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و چاودێریکردنی جموجووڵەکانی داعش و ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئەو رێکخراوە پەڕگیرە.
 
پێشتر چەند جارێک هێرشی لەو جۆرە کراوەتە سەر بنکەکە و ئەمریکاش هێزە نزیکەکانی ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات.