کرێملن: پووتین و رەئیسی قسەیان لەبارەی سووریاوە کرد


رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، ڤلادمیر پووتین و ئیبراهیم رەئیسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ کردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2023، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هەریەکە لە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و "باسی دۆخی سووریایان کردووە." ئەوەش دەبێتە دووەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان هەردوو سەرۆکەکە لە ماوەی نۆ رۆژدا. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە لەدوای شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە، هەریەکە لە ئێران و رووسیا پشتگیری حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان کردووە و نەیانهێشتووە بکەوێت. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی کرێملن، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە هاوئاهەنگیی گواستنەوە و وزە لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا کردووە.
 
دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022دا، ئێران بەردەوام بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە درۆنی شەڕ دەداتە رووسیا. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنن. هەرچی ئێرانە، دان بەوەدا دەنێت کە درۆنی داوەتە رووسیا، بەڵام دەڵێت، پێش دەستپێکردنی جەنگەکە بووە.