رووداو دیجیتاڵ
کەس هێندەی کریستیانەکانی دیمەشق لە دڵەراوکێدا نییە بەرامبەر دەسەڵاتی نوێی سووریا و گرووپە چەکدارەکان.
هەرچۆنيک بێت ژمارەیەکیان دەستیانکردووە بە رازاندنەوەی شەقامەکان، بەبۆنەی نزیکبوونەوە یادی لەدایکبوونی مەسیح و ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.
مەتران ئەرماش و ژمارەیەک کەسایەتیی دیکەی کریستیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبوونەتەوە و داوای گەرەنتیکردنی ژیانی کریستیانەکانیان کردووە، بەڵام ئەو بە راشکاوی بە رووداوی گوت، داهاتوویان روون نابینن و ترسیان لە گرووپە چەکدارەکان هەیە.
مەتران ئەرماش، مەترانی ئەرمەنی ئۆرتۆدۆکس لە دیمەشق دەڵێت: "ئەمڕۆ ئێمە تێبینی دەکەین لەنێو باوەڕداران و گەلدا خۆشییەک هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو خۆشییە هەست بە دوودڵی و ترسێکی زۆر دەکەین، ترسێک کە واهەست دەکەین داهاتوومان دیار نییە چی دەبێت."
بەپێی بەدواداچوونی کەنیسەکان، لە ساڵی 2011، ملیۆنێک و 500 هەزار کریستیان لە سووریا دەژیان، بەڵام بەهۆی شەڕ و قەیرانەکانەوە ئێستا ژمارەیان بووە بە 300 هەزارە.
باب توما و باب شەرقی دوو ناوچەی کریستیاننشینن لە نێو جەرگەی دیمەشق. رووداو چووەتە لایان و گفتوگۆی لەبارەی ئەم دۆخە نوێیەی سووریا کردووە، نەیانشاردەوە دزی و پێشێلکاری بەرامبەریان کراوە و هیواخوازبوون لەنێو ئەم یارییە نوێیەی سووریا پارێزراوبن.
نەواف دەروێش کریستییانێکی ئەو گەڕەکانەیە و دەڵێت: "ئێمە وەک کریستیان و ئیسلام هەموومان براین و ساڵانێکەوە لەگەڵ یەکدی دەژین، ئەم برا و خۆشەویستەم باوکی عامر کە موسڵمانە و منیش کریستیان بەردەوام بەیەکەوەین، داوا لە حکومەتی نوێ دەکەین چاوی لێمان بێت، ئەوەی بینیمان بەڕاستی حاڵەتی دزیکردن روویدا لەناوچەکەمان."
سوهێر کریستیانە و دەڵێت: "ئەمڕۆ ئێمە کە بینیمان وەک سوپرایزێک وابوو تاوەکو ئێستاش باوەڕ بەم دۆخە نوێیە ناکەین، ئێمە تا ئێستا لە ماڵەکەمان داری کریسمسمان دانەناوە، نازانین چی روودەدات، ئینشائەڵڵا هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵام هەموو شتێکیش چاوەروانکراوە."
لە ساڵی 2011 بۆ 2020، 120 کەنیسە و پەرستگەی کریستیانەکان خاپوورکراون. 60٪یان بە دەستی هێزەکانی حکومەت بووە، ئەوەی دیکەش داعش، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کردوویانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ