رووداو - دیجیتاڵ
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق رایگەیاند، هەزار و 905 سەرباز و پلەدار و 36 فەرمانبەرى سووریا گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان کە پەنایان بۆ عێراق هێنابوو. دەشڵێت، "ئەو چەکانەی پێیان بووە گوێزراونەتەوە بۆ وەزارەتى بەرگرى و هەرکاتێک حکومەتێکى نوێ لەو وڵاتە پێکهێندرا، رادەستیان دەکەینەوە."
19ـی کانوونى یەکەمى 2024، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى گەڕانەوەى سەربازانى سووریا و ژمارەکەشیانی بڵاوکردەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو سەربازانە لە حەوتی کانوونى یەکەمەوە پەنایان بۆ عێراق هێناوە و بەهۆى رووداوەکانى سووریاوە داوایان کردووە رێگەیان پێبدرێت بێنە نێو خاکی عێراقەوە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنی رایگەیاند: جگە لە سەرباز و ئەفسەر و پلەدارانى سوپا، فەرمانبەر و پاسەوانانى دەروازەى ئەلبوکەمالى سووریاش لە نێو ئەو کەسانە بوون کە پەنایان بۆ عێراق هێناوە.
هاتنی ئەو سەرباز و فەرمانبەرانەى سووریا بۆ عێراق، رۆژێک بەر لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بوو.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، رۆژی (چوارشەممە، 18ـی کانوونى یەکەم)، 36 فەرمانبەرى دەروازەى ئەلبوکەمال لەسەر داواى خۆیان گەڕاوانەتەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی کانوونى یەکەم، 1905 سەرباز و ئەفسەرى سوپاى سووریا لە رێگەى دەروازەى قائیمى عێراقەوە، رادەستى هێزى پاسەوانیی سووریا کراون و ئەو چەکانەى پێیان بووە لە وەزارەتى بەرگریى عێراقە و هەرکات حکومەتى نوێی سووریا پێکهێنرا، چەکەکانیان رادەست دەکەنەوە.
ئەو سەربازانە لە خێوەتگەیەکى سەربازیى قەزاى روتبەى پارێزگاى ئەنبار هێڵرابوونەوە.
پێشتر لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2024، سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: تێکڕاى ئەو سەربازانەى سووریا کە پەنایان بۆ عێراق هێناوە، دوو هەزار و 490 کەس بوون.
لە چوارشەممەوە رێکارەکانى گەڕانەوەى ئەو سەربازانە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بەفەرمى گەڕانەوە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق رایگەیاندووە کە بەڵێننامەیەکى دەستنووس بە سەربازان پڕکراوەتەوە کە خۆیان و خێزانەکانیان داواى گەڕانەوە دەکەن، لە دواى ئەوەى بڕیارى لێبوردنى دەسەڵاتدارانى ئێستاى سووریا گرتوونیەتەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، "هێزە ئەمنییەکانى عێراق خوازیارن لە دەسەڵاتدارانى ئێستاى سووریا، پارێزگارى لەو ئەفسەر و سەربازانە بکەن کە گەڕاونەتەوە و بڕیارى لێبووردن بیانگرێتەوە و گەرەنتى گەڕانەوەیان بکرێت بۆ نێو خێزانەکانیان کە چاوەڕێیان دەکەن، ئەوەش وەک پابەندبوونێک بە پێوەرەکانى مافى مرۆڤ و پێشاندانى نیازپاکی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ