لە سەرەتای ئەم مانگەوە 1,820 ماڵباتی ئاوارە گەڕاونەتەوە عەفرین
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ سەر حەلەب و دواتر حەما و دیمەشق و کۆنترۆڵکردنیان، هەزار و 820 ماڵباتی ئاوارەی عەفرین لە سنوورەکانی حەلەب، شەهبا و ناوچەکانی دیکەوە گەڕاونەتەوە.
رێکخراوی شەپۆلی ئازادیی کوردستانی لە ئەورووپا، راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە. ئەو رێکخراوە باسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری عەفرین دەکات لە دوای هێرشەکان و بەتایبەتیش دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد.
یەکەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکان
یەکەم کاروانی گەڕانەوە لە 2-12-2024، دەستیپێکرد کە زیاتر لە 350 خێزان لە رێگەی گوندی قیتمێی ناوچەی شکاک - شەرا گەڕانەوە شوێن و ماڵەکانی خۆیان.
رۆژی دووەم
لە 03-12-2024 زیاتر لە 400 خێزان لە رێگەی گوندی قیتمێوە گەڕانەوە.
رۆژی سێیەم
لە 04-12-2024 و بەهۆی هاتنی زۆری ئاوارەکان، رێگای جەبەل ئەحلام لەلایەن شێراواوە کرایەوە و لەوێوە زیاتر لە 250 خێزان گەڕانەوە، هەروەها لە رێگای قیتمێشەوە زیاتر لە 250 خێزان گەڕانەوە، بە گشتی لە رۆژی سێیەمدا زیاتر لە 500 خێزان گەڕانەوە.
رۆژی چوارەم
لە 05-12-2024 زیاتر لە 100 خێزان لە رێگەی جەبەل ئەحلامەوە و لە رێگەی قیتمێشەوە زیاتر لە 450 خێزان گەڕانەوە.
رۆژی پێنجەم
لە 06-12-2024 زیاتر لە 50 خێزان لە رێگای قیتمێوە و زیاتر لە 70 خێزان لە رێگەی جەبەل ئەحلامەوە گەڕانەوە.
واتە ژمارەی گشتی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە عەفرین زیاتر لە 1820 ماڵبات دەکات
70 هەزار ئاوارە چوونە تەبقە
رێکخراوەکە دەڵێ: زۆربەی ئاوارەکانی عەفرین کە لە تلڕفعەت و دەوروبەری بوون لەگەڵ یەپەگە بەرەو تەبقە ئاوارە کران، کە باسی ناوچەی جەزیرەیان بۆ کردن و بردیانن بۆ ئەوێ. ژمارەی ئەو کەسانەی دەرچوون و نەگەڕاونەتەوە عەفرین زیاتر لە 70 هەزار کەس دەکات.
ئاوارەکان لە یاریگای تەبقە لە خێوەتگەدا کۆکرانەوە، بێئەوەی هیچ شتێکیان بۆ ئەو ئاوارانە ئامادە کردبێت. ئاوارەکان لەبەر ئەو سەرما و سۆڵەدا لە شەقامەکان لە دەرەوە مابوونەوە "بێئەوەی دەسەڵاتداری پەیەدە دامەزراوەکانی خۆی دەستبەجێ بنێرێتە ئەوێ. لەبەر سەرماش کۆرپەیەکی 4 مانگە گیانی لەدەستدا."
رێکخراوی شاک دەڵێ: "زۆر لەو ئاوارانەی گەیشتنە تەبقە پەشیمان بوونەتەوە. زۆر خێزان روویان لە کۆبانێ و قامشلۆ کردووە."
هۆکاری سەرەکی بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رێکخراوی شاک، دوو هۆکاری سەرەکی هەن کە رێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان:
1- زۆر خێزان بە یەپەگەوە بەستراونەتەوە، چ منداڵەکانیان تێکەڵی ئەوان بووبن و چ لە دامەزراوەکانیاندا کاریان کردبێ.
2- یەپەگە ترسێکی گەورەی لە دڵی خەڵکدا چاندبوو و پێی دەگوتن ئەگەر بگەڕێنەوە، دەتانکوژن. زۆربەی ئەو ئاوارانەی گەڕابوونەوە، شۆک ببوون بەهۆی ئەوەی بەسەریان هاتبوو و دەیانگوت دەکوژرێین و یەپەگە پێی دەگوتن نابێت بگەڕێنەوە لەبەر ئەوەی عەفرین داگیرکراوە.
هێرشەکان بۆ رووخاندنی ئەسەد
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 27-12-2024، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە پێشتر بەرەی نوسرە بووە، لەگەڵ چەند گرووپێکی چەکداری دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێرشیان بۆ سەر حەلەب و شارەکانی دیکە راگەیاند. هەموو شتێک بە خێرایی روویدا و زۆر بەرەوپێشیش چوون. لە ئەنجامدا هەتەشە دەستی بەسەر حەلەب دا گرت. بەبێ ئەوەی رژێمی ئەسەد بەرگری بکات کشایەوە. بەڵام هەتەشە لە حەلەب نەوەستا و رووی کردە حەما و لەوێش شەڕیان کرد.
دواتر لە دوای فراوانبوونی دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام و نزیکبوونەوەی لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن لە حەلەب، مەترسییەکان لەسەر چارەنووسی ئەو دوو گەڕەکە زیاتر بوون، هەروەها شاری تلڕفعەت و دەوروبەری، "کە لەژێر کۆنترۆڵی یەپەگە و رژێم و ئێرانییەکان دا بوون." مەترسی ئەوە دروست بوو کە شەڕ دروست ببێت و کوردی مەدەنی ببنە قوربانی یاخود کردەوەی تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر کورد بکرێت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەوڵیان دا ناوچەکانی خۆیان لە رێگەی کردنەوەی رێڕەوێک لە نێوان منبج و شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و تلڕفعەتەوە پێکەوە ببەستن، تاوەکو خەڵکی خۆیان لەو ناوچانە دەربکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. لەبەر ئەوە لە سەرەتادا یەپەگە دەستی لە هەردوو شارۆچکەی نوبل و زەهرا بەردا و لێیان کشایەوە، دوای کشانەوەی رژێم لە هەردوو شارۆچکەکە، هەردووکیان شیعەنشینن و لەسەر سنووری باشووری رۆژهەڵاتی عەفرینن.
ئۆپەراسیۆنی بەربانگی ئازادی
دوای ئۆپەراسیۆنی دەستەی تەحریری شام، "چەکدارەکانی گرووپەکانی سوپای نیشتمانی کە سەر بە تورکیان (تورکیا لە 2017 دروستی کرد)" لە 30-11-2024، ئۆپەراسیۆنی بەربانگی ئازادییان راگەیاند کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی یەپەگە بوو لە تلڕەفعەت و دەوروبەری و چەند گوندێکی عەفرین کە هێشتا یەپەگە کۆنترۆڵی دەکردن و لەسەر سنووری هەردوو شارۆچکەی شیعەنشینی نوبل و زەهرا لە باکووری رۆژهەڵاتی عەفرین بوون.
لە ماوەی دوو رۆژدا و دوای ئەوەی یەپەگە لەو ناوچانە کشایەوە و رووی کردە حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە)، چەکداران ئەو ناوچانەیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کرد. "بەداخەوە یەپەگە زۆربەی خەڵکەکەی ناچار کرد لەگەڵیدا دەربچن و دواتر بیانبات بۆ تەبقە و لە خێوەتدا نیشتەجێیان بکات، کە ژیان لەوێ شیاو نییە."
چەکدارانی گرووپی هێزی هاوبەشی عەمشات و حەمزات، گوندەکانی لە یەپەگە سەندبوو، وەک گوندی بورج قاسی لە شێراوا، "دەستیان بە دزی و تاڵانی کرد، هەم ئۆتۆمبێل و هەم کەلوپەلی ماڵیان دەدزی."
بانگەوازی گەڕانەوە و گوێنەدان بە پیلانەکانی پەیەدە و چەکدارەکانی
شەپۆلی ئازادیی کوردستانی، لەگەڵ پارتە هاوبەشەکان وەک پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی)، بزووتنەوەی ئاشتیی نیشتمانیی کورد لە سووریا و بزووتنەوەی کوردایەتی لە سووریا، لە پارتە سەرەکییەکان بوون کە لە 01-12-2024 بانگەوازیان بۆ ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچەکانی تلڕفعەت و دەوروبەری کرد کە بگەڕێنەوە جێ و رێی خۆیان.
ئەو پارتانە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵک کرد "گوێ نەدەنە پیلانەکانی یەپەگە، دووبارە ئاوارەیان نەکەن و لە خاکی خۆیان دوور نەخەن و نەیانخەنە هیچ شەڕێکی بەدەر لە بەرژەوەندی کورد." هەروەها راگەیەندراوەکە داوای لە یەپەگە کرد، کە خەڵکەکەمان نەخەنە هیچ شەڕێک و هاووڵاتیان بپارێزن، داوایان لە ئەنەکەسە کرد، کە هاوبەشی ئیئتیلافە، رێگە لە چەکداران بگرن و روو لە ناوچە کوردییەکان نەکەن و دووبارە خەڵک کۆچبەر و ئاوارە نەبێت و گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی نوێ روونەدات.
هەر ماڵباتێکی گەڕاوە 100 دۆلاری پێدەدرێت
راگەیاندنی ئەنجوومەنی خۆجێیی جەختی کردەوە، گەڕانەوەی ئاوارەکان هیواکانی خەڵکی لە عەفرین ماوە بەرز دەکاتەوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێگرتن لە گۆڕینی دیمۆگرافی.
بەپێی راپۆرتەکە، هەر خێزانێکی گەڕاوە 100 دۆلاری بۆ کڕینی پێداویستییەکانی خواردن و پێداویستیی ماڵی وەرگرتووە، هەروەها خەرجی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە تلڕفعەت و گوندەکانی دەوروبەر هەبوو، "کە هاوڕێیانی شەپۆلی ئازادی بە ئۆتۆمبێل دەیانگەڕاندەوە."
رێکخراوەکە دەڵێ: هەر کەسێک یارمەتی لە رێگەی ئێمەوە ناردووەتە عەفرین، راپۆرتێکی دارایی بۆ دەنێردرێت، کە تێیدا ژمارەی تەلەفۆن (هەندێکیان بێ تەلەفۆن بوون لەبەرئەوەی چەکداران لێیان دزیبوون)، وێنە، پسوولە و ناوی ئەوانەی یارمەتییان وەرگرتووە تێدایە.