مەزڵووم عەبدی: ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ هەتەشە تەنیا بۆ ئەوەیە رووبەڕووی یەکدی نەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایدەگەیێنێت، لە سنووری کۆبانێ کۆبوونەوە و جووڵەی سەربازی هەیە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر شارەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیاش هێرشیان دەکەنە سەر. لە رۆژانی رابردوودا ئەو هێزانە هەوڵیانداوە رووباری فورات ببڕن و بەرەو کۆبانێ بجووڵێن، بەڵام هێزەکانیان بەرەنگاریان بوونەتەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (The World) دەڵێت، زانیارییان لەسەر پلانی چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سووریا و تورکیا هەیە بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ، "جووڵەی سەربازی و پلان هەیە بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ."
گوشارەکانی چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات زیاتر بوون، هەسەدە و ئیدارە سیاسییەکەی (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان.
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "هاوپەیمانان کار لەسەر دۆخەکە دەکەن، گوشار دەخەنە سەر تورکیا و نێوەندگیری دەکەن لەنێوان ئێمە و تورکیادا بۆ راگرتنی ئەم بارودۆخە و رێگری لە هەر پێشێلکارییەک لەسەر سنووری سووریا-تورکیا."
ئێستا ئاگربەستێک لەنێوان هەسەدە و چەکدارانی سوپای نیشتمانی هەیە و بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە درێژکراوەتەوە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، "هیچ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ئارادا نییە. ئاگربەستێکی هەفتەییمان هەیە کە شتێکی باشە، بەڵام ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین لە رێگەی هاوبەشەکانمانەوە دوو شتە: یەکەم بەدەستهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەییە و دووەم چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە."
هۆشداری لە هێرشی داعش
دوو گەورەترین کەمپی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان لە پارێزگای حەسەکە. مەزڵووم عەبدی هۆشداری لەبارەی ئاسایشی ئەو دوو کەمپە (هۆل و رۆژ) و دەڵێت: "کێ پاسەوانی ئەم شوێنانە دەکات؟ زۆربەیان لە ناوچەی کوردنشینن. ئەو کەسانەش خەریکی پاراستنی ماڵ و کۆمەڵگەکانیانن. ئەمەش کاریگەری لەسەر پاراستنی کەمپ و زیندانەکان هەیە."
هەسەدە پێشتر رایگەیاندبوو داعش سوودی لە دۆخە نوێیەکەی سووریا وەرگرتووە و خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە. فەرماندەی گشتی هەسەدە نایشارێتەوە کە مەترسی هەیە داعش ئەو هەلە بقۆزێتەوە.
عەبدی دەڵێت: "بێگومان ئەو دۆخە کاریگەری لەسەرمان هەیە و لە سەرەتای ئەم پێشهاتە خێرایانەوە لە وڵاتدا ئەمەمان بینی. بینیمان چۆن داعش لە بادیەی سووریا دەستی بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرت. ئێستا دەبینین چالاکییەکانیان لە بادیە، لە بیابانی سووریا زیادی کردووە."
هەروەها دەڵێت، زانیاریی هەواڵگرییان هەیە کە چەکدارانی داعش بە نیازن هێرش بکەنە سەر ئەو گرتووخانانەی چەکدار و خێزانەکانی داعشیان تێدایە، بۆ ئازادکردنیان.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دڵنیایی دا کە دەتوانن بەرگری لە گرتووخانەکان بکەن، بەڵام نەیشاردەوە کە ئەگەر هێرشەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام بن، ئەوکات وا دەکات هێزەکانیان بڕۆن و بەرگری لە خێزانەکانیان بکەن، ئەمەش مەترسی لەسەر گرتووخانەکان دروست دەکات.
پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ هەتەشە
لە 8ـی ئەم مانگەوە دەستەی تەحریری شام رژێمی ئەسەدی لە دیمەشق وەدەرنا، لە ماوەی چەند رۆژی شەڕی نێوان هەتەشە و چەکدارانی رژێمی پێشووی سووریا هیچ بەریەککەوتنێک لە نێوان هەتەشە و هەسەدە رووینەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ هەتەشە، مەزڵووم عەبدی گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام سنووردار بووە بۆ هاوئاهەنگی ئەمنی. تەنیا بۆ ئەوەی رووبەڕووی یەکدی نەبینەوە، چونکە ئێستا هێڵی جیاکەرەوەی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی سیاسیمان نییە، تاوەکو ئێستا هیچ شاندێکیشمان نەناردووە بۆ دیمەشق."
بۆ دەستیپێکردنی گفتوگۆی سیاسیی لەگەڵ هەتەشە، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئەمە بە تەواوی پەیوەستە بە لایەنی ئەوان. لە کۆتاییدا ئەوە لەسەر ئەوان دەوەستێت."
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "ئێمە دژی داگیرکارین لە سووریا بە گشتی. ئەمە بۆ تەواوی وڵات. لەگەڵ یەکپارچەیی خاک و یەکێتی خاکی سووریاین. پێشمانوایە هەموو کێشە هەڵواسراوەکان لەنێوان سووریا و ئیسرائیل لە کۆتاییدا دەکرێت لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن."
کورد لە دامەزراندنی حکومەتی راگوزەری سووریا پرس و بەشداریان پێنەکراوە، بەڵام فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەشبینە بە ئایندەی کورد لە سوووریای دوای بەشار ئەسەد و دەڵێت: "ئێمە گەشبینین و چاوەڕێ دەکەین دۆخی کورد لە سووریا دوای ئەسەد باشتر بێت."
مەزڵووم عەبدی باسی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی سووریای بەرامبەر کورد کرد و گوتی: "بەپێی ئەوەی لە هەیئەی تەحریری شام و ئیدارەی نوێ کە ئێستا لە دیمەشق حوکم دەکات دەیبیستین، لێدوانەکانیان ئەرێنی بوون و پێشوازی لەو لێدوانانە دەکەین."
چاوەکان لەسەر دەستبەکاربوونی ترەمپن لە 20ی کانوونی دووەمی داهاتوو لە کۆشکی سپی، عەبدیش چاوەڕێی ئەو رۆژەیە و دەڵێت: "دۆست و هاوڕێی زۆرمان لە خولی یەکەمی سەرۆک ترەمپ لە سووریا هەیە لە چوار ساڵی یەکەمیدا. هاوڕێی زۆرمان لەو ئیدارەیە هەیە و هێشتا قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە لە خولی یەکەم بوون و لە ئیدارەی داهاتووشدا دەبن. هەروەها قسە لەگەڵ پشتیوانان لە دامەزراوە جیاوازەکانی ئەمریکا دەکەین، وەک کۆنگرێس، سێنات و ئەنجوومەنی نوێنەران، کە پشتیوانی لە ئیدارەی داهاتووی سەرۆک ترەمپ دەکەن. بەمدواییانە پەیوەندیمان پێوەکردن داوای پشتیوانی و یارمەتیمان لێکردن بۆ راگرتنی هێرش و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا لە دژی ناوچەکەمان."
مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا شەڕ و پێکدادان لە سووریا نەماوە، بەڵام کۆبانێ لە دۆخێکی مەترسیداردایە. چاوەڕێی ئەوە لە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەکەن کە گوشاری پێویست و تەواو بخەنە سەر تورکیا بۆ راگرتنی لە هێرشکردنە سەر کۆبانێ و دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
فەرماندەی گشتی هەسەدە گوتی: "هاوکارییەکانمان و پەیوەندیمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆبانێوە دەستیپێکرد، لەوێوە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوومان دەستپێکرد کە بە تێکشکانی داعش کۆتایی هات. ئێستا، ئەم شارە لەژێر هەڕەشەدایە و ئەرکێکی مۆراڵییە بۆ ئەمریکا کە پارێزگاری لێبکات."