رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، سووریا لە جەنگ و ململانێ ماندووبووە و چیدی هەڕەشە نابێت بۆ دراوسێکانی و وڵاتانی رۆژئاواش.
رۆژی چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) و سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بی بی سی، جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرن، داواش دەکات هەتەشە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن.
ئەحمەد شەرع کە بە ئەبوو محەممەد جۆلانی ناسراوە، لەنێو لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و ئەورووپادایە، بەڵام رایگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارییەی ئەو سەرۆکایەتیی دەکات گرووپێکی تیرۆرستی نییە.
شەرع دەڵێت "خەڵک و شوێنی سڤیلمان نەکردووەتە ئامانج، بەپێچەوانەوە ئێمە قوربانیی تاوانەکانی رژێمی ئەسەدین. نابێت قوربانی وەکو ستەمکار مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
هەروەها ئەحمەد شەرع رەتیکردەوە سووریا بکاتە هاوشێوەیەکی دیکەی ئەفغانستان و رایگەیاند وڵاتەکەی ئەو و ئەفغانستان، زۆر جیاوازن و دابونەرتیان جیاوازە، ئەفغانستان کۆمەڵگەیەکی عەشایەرییە لەکاتێکدایە سووریا بیرکردنەوەی تەواو جیاوازی هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو بڕوای بەوەیە ئافرەت بخوێنێت.
رۆژی چوارشەممە، گێیر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند دەبێت سەرۆکی دیفاکتۆی ئەو وڵاتە، قسەکانی بکاتە کردار.
پێدەرسن گوتی "سوورییەکان ئێستا هەستێکی دژ بەیەکیان هەیە؛ دڵخۆشن و لە هەمان کاتیشدا زۆر دەترسن. دەبێت زۆر راشکاو بم لەوەی گوێم لە زۆر سوورییەکان گرتووە، زۆربەیان ئەو پرسیارە دەکەن؛ ئایا ئەو (ئەحمەد شەرع) دەتوانێت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئەوان گومانیان هەیە بیکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ