هەسەدە: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ حکومەتی سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ

 

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق ئامادەی گفتوگۆیە، لە کاتێکدا گرێکوێرەی سیاسی سووریا لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی خەریکە دەکرێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی بەشار ئەسەد یەکەم هەنگاوی بۆ کۆتایی هێنان بە بنبەستی سیاسیی وڵاتەکەی نا و سەردانی چەند وڵاتێکی کرد. دوێنێش وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سووریای کرد و لەگەڵ ئەسەد کۆبووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاند، "ئێمە ئامادەیی خۆمان دووپات دەکەینەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا و هەموو لایەنەکانی سووریا  گفتوگۆ بکەین و دەستپێشخەری بکەین بۆ چارەسەر."
 
ئەسەد، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە "جوداخواز" ناو دەبات و مانگی پێشوو، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک دەربارەی هەسەدە بە میدیای رووسیای گوت کە "هەر لایەنێک کار بۆ هێزێکی دەرەکی بکات خۆفرۆشە."
 
حکومەتەکەی ئەسەد دان بە رۆژئاوای کوردستاندا نانێت و دەسەڵاتی هەسەدە رەتدەکاتەوە، لە ساڵی 2018ەوە چەند کۆبوونەیەک لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کراوە و بێئەنجام بووە.
 
بەڵام هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەوان "رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرن،" و ئامادەن سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ حکومەتەکەی ئەسەد بەش بکەن.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، ئەسەد و وەزیری دەرەوەی سعودیە باسیان لە چارەسەری سیاسی بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کردووە.
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە "وڵاتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتوەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد تاوەکو رۆڵێکی کاریگەر و ئەرێنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بگێڕن."
 
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەن نەوت و گاز "لە رێگەی رێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی سووریا، دوابەدوای دیالۆگ و دانیشتنەکان" واژۆ بکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2011ـەوە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق. بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، سەردانەکە کۆتایی بە دەیەیەک لە چەقبەستوویی سیاسیی نێوان سعودیە و سووریا دەهێنێت. دیبلۆماتە سعودییەکە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەتەوە.
 
لەدوای هەوڵەکانی ئێران و سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان کەوتووەتە نێوان سووریا و سعودیە، ئەمە لە کاتێکدایە سووریا بە هاوپەیمانی ئێران دەناسێنرێت.
 
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی سعودیە، چەند رۆژێک لە دوای سەردانی فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا دێت بۆ سعودیە و دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبیش دێت کە تێیدا پرسی گەڕاندنەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی تاوتوێ کرا.
 
رۆژی 12ـی نیسان، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی جەدەی کرد، ئەوەش بووە یەکەم سەردانی وەزیرەکەی سووریا بۆ سعودیە لە 12 ساڵی رابردوودا.
 
رۆژی 14ـی نیسانی 2023، شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات) و هەریەکە لە عێراق، میسر و ئوردن لەسەر بانگهێشتی سعودیە لە جەدە کۆبوونەوە. نۆ وڵاتەکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی جەختیان لە "گرنگیی هەبوونی رۆڵی پێشەنگی عەرەبی لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان" بە قەیرانی سووریا کردەوە. هاوکات، تاوتوێی گەڕاندنەوەی سووریایان "بۆ باوەشی وڵاتە عەرەبییەکان" کرد.
 
کۆنترۆڵکردنەوەی خاک و پەیوەندییە هەرێمییەکان
 
لەدوای بەهاری عەرەبی، چەندین وڵاتی عەرەبی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ سعودیە پچڕاند، بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی سووریا، بەشێکی ئەو وڵاتانە پشتیوانییان لە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نێوخۆی سووریا دەکرد تاوەکو دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەر، سەرۆککۆماری سووریا بجەنگن.
 
دوای ئەوەی کە حکومەتی سووریا بەشێکی زۆری خاکەکەی بە پشتیوانیی ئێران و رووسیا کۆنترۆڵکردەوە، بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەدی دەکرێت.
 
ئیماراتی عەرەبی کە کۆتایی ساڵی 2018، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاساییکردەوە؛ لەو کاتەوە هەوڵی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەدات.
 
بوومەلەرزەی سیاسیی
 
ئەو بوومەلەرزەیەی کە 6ـی شوباتی ئەمساڵ رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا و تورکیا)ی گرتەوە، بووە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی سووریا و وڵاتانی دەرەوەدا. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە و ئەسەدیش لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا هیچ پەیوەندییەکیان نەبەستووە، دوای بوومەلەرزەکە پەیوەندییان بەستەوە و هاوکاریی مرۆییش لە لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە دەیەیەکە کێشمەکێشیان لەگەڵ سووریادا هەیە، گەیێندرایە سووریا.
 
رۆژی دووشەممە 20ـی شوباتی 2023، بەشار ئەسەد دوای 12 ساڵ کۆتایی بە بنەبەستی سیاسیی وڵاتاکەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دوای بەهاری عەرەبی ساڵی 2011 دژی وەستانەوە یان پشتیوانیان نەکرد هێنا و بە سەردانێک گەیشتە عومان و لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تارق، سوڵتانی عومان کۆبووەوە. دواتر ئەسەد سەردانی ئیماراتیشی کرد.
 
رۆژی 15ـی نیسانی 2023، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی جەزائیری کرد و لەگەڵ ئەحمەد عەتەف، وەزیری دەرەوەی جەزائیر کۆبووەوە. رۆژی 18ـی نیسانی 2023، فەیسەڵ میقداد بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە توونس و لەگەڵ نەبیل عەمار، وەزیری دەرەوی توونس کۆبووەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 14ـی نیسانی 2023، قەیس سەعید، سەرۆکی توونس رایگەیاند، کە دەرگا بۆ سووریا واڵایە تاوەکو جارێکی دیکە بالێۆزخانە لە توونس بکاتەوە.
 
هەموو ئەمانە خاڵی وەرچەرخانن بۆ سووریا؛ تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاسایی بکاتەوە. سووریا لە ساڵی 2011 لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکە لە کۆمکاری عەرەبی دوورخراوەتەوە.
 
بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمکارەکە لە 5ی مانگی داهاتوو بکرێت و تێیدا بڕیار لە چارەنووسی کورسییەکەی سووریا بدرێت. دوای ئەوە کۆمکارەکە لە 19ـی ئایار کۆدەبێتەوە.