بەشار ئەسەد لەگەڵ شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشار ئەسەد بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئیمارات، ئەوەش دەبێتە دووەمین سەردانی ئەسەد لەدوای ئەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا - سانا رایگەیاند، بەشار ئەسەد بە یاوەری ئەسما ئەسەد، خانمی یەکەمی سووریا سەردانی ئیماراتی کردووە و وێنەیەکی ساتی گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی ئەبووزەبی بڵاوکردەوە.
میدیای فەرمیی سووریا باس لەوەش دەکات، هەر لەگەڵ گەیشتنی فڕۆکەی بەشار ئەسەد بە سنووری ئاسمانی ئیمارات، "وەکو بەخێرهاتن، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیمارات فڕیون و یاوەریی کردوون" و لە فڕۆکەخانەی ئەبووزەبی لەلایەن سەرۆکی ئیمارات و هەریەکە لە شێخ تەحنوون بن زاید ئال نەهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات و چەند بەرپرسێکی دیکە پێشوازییان لێکراوە.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکە، لە کاتی گەیشتنیان بە کۆشکی نیشتمان، 21 تۆپ تەقێندراون و لەلایەن پاسەوانی شەرەفەوە پێشوازی لە بەشار ئەسەد کراوە. ئەوەش رێوڕەسمی فەرمیی ئیماراتە لە پێشوازیکردنی سەرکردەکانی جیهان.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە کۆمکاری عەرەبی کە بنکەکەی لە قاهیرەیە، لە ساڵی 2011ـەوە بەشداریی سووریای لە کۆمکارەکە هەڵپەساردووە و بەشێکی وڵاتانی عەرەبیش، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا پچڕاند. بەڵام هەریەک لە ئیمارات و بەحرەین لە ساڵی 2018دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد ئاسایی کردەوە.
ساڵی رابردوو، ئەسەد سەردانی ئیماراتی کرد و ئەوەش بووە یەکەمین سەردانی لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا.
رۆژی 26ـی شوباتی 2023، سەرۆکانی پەرلەمانی هەریەکە لە عێراق، ئوردن، فەلەستین، لیبیا، میسر و ئیمارات لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عومان و لوبنان وەکو بەشێک لە شاندێکی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی سەردانی سووریایان کرد.