WFP: گرووپە چەکدارەکانی سووریا ئاستەنگ بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان دروست دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP)، رەخنە لە دەسەڵاتدارانی باکووری رۆژئاوای سووریا دەگرێت، بەوەی رێگرییان لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 18ـی شوباتی 2023، دەیڤد بیسلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش، بە میدیای جیهانی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، رێگری لە گەیشتنی ئەو هاوکارییە مرۆییانە دەکەن، کە رێکخراوەکەیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچەیە دەینێرن. 
 
هەفتەی رابردوو، بەر لە کردنەوەی دوو دەروازەی دیکە لە نێوان تورکیا و سووریا بۆ خێراکردنی گەیاندنی ئەو هاوکارییە مرۆییانە، ئەو رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە دۆخی ناوچەکە دابوو، بەوەی خەریکە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی لەبەردەست نامێنێت بۆ خەڵکەکەی دابین بکەن.
  
دەیڤ بیسلی لە میونشنی ئەڵمانیاوە رایگەیاند، حکومەتەکانی تورکیا و سووریا بە باشی هاوئاهەنگی دەکەن، بەڵام ئەو هاوئاهەنگییە، لەلایەن دەسەڵاتداری ئۆپۆزیسیۆنی خۆجێی باکوری رۆژئاواوە، رادەگیرێت. 
 
بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی راشیگەیاند: "ئەو کێشەیەی ئێستا رووبەڕوومان بووەتەوە، لە باکووری رۆژئاوای سووریایە کە دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە، کارئاسانیمان بۆ ناکەن کە پێویستمانە و ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانمانی خاوکردووەتەوە". گوتیشی "نازانم ئەوان بۆ ئەو هاوکارییانە رادەگرن، بۆچی لەم کاتەدا ئەو گەمەیە دەکەن، من ناویان دێنم و لەسەر ئەم پرسە بێدەنگ نابین".
 
هەروەها ئەو بەرپرسەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر ژێرخان و باڵەخانەکانی ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا گەیشتووە، خەڵکی ناوچەکە بۆ چەندین مانگی دیکە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بەڵام رێکخراوەکەیان پێویستی بە هاوکاریی زیاتر هەیە، چونکە ئێستا کە خۆراکی گەرم و هاوکاریی دیکە بۆ خەڵکی لێقەوماوان دابین دەکات، تەنیا تاوەکو 60 رۆژی دیکە توانای دابینکردنی ئەو هاوکاریانەی هەیە. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلارە، تەنیا بۆ دابینکردنی فریاگوزاری لەناکاو، بۆیە دەڵێت: "ئەگەر ئەوروپا شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەرانی ناوێت، پێویستمان بە هاوکاریی زیاترە".