سووریا
بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە و پەیوەندی بە هەواڵەکەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دەڵێت، بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە پارێزگای دێرەزووری سووریا بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 19ـی شوباتی 2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: " رۆژی 18ـی شوبات، کاژێر 8:28ـی شەو بە کاتی نێوخۆی سووریا [هەمان کاتی هەولێر] دوو مووشەک لە نزیک گوندی سەوز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کەوتنەخوارەوە".
سوپای ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە و هیچ سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەکوژراون و برینداریش نەبوون. دەشڵێت، هیچ زیانێکی ماددیش بەر ژێرخانی کەلوپەلی هاوپەیمانان نەکەوتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
بنکەی گوندی سەوزی هاوپەیمانان دەکەوێتە نزیک کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا. ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەدایە و سوپای ئەمریکاشی تێدایە.
لە هێرشەکانی پێشتردا، بە زۆری پەنجەی تۆمەت بۆ هێزەکانی حیزبوڵلا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران درێژکراوە و زۆرجاریش حیزبوڵلا خۆی بەرپرسیاریێتیی ئەنجامدانی هێرشەکانی لەئەستۆ گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ