رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند "مەرجە هێزەکانی سووریای دیموکرات [هەسەدە] بەشێک بن لە پرۆسەی سیاسیی راگوزەر و شەڕی کۆبانێ و منبجیش بووەستێت." راشیگەیاند "پێویستە کوردانی سووریا بە تەواوی ئاوێتەی پرۆسەی سیاسیی راگوزەر بکرێن."
رۆژی چوارشەممە 18-12-2024 ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "لە مانگی 1ـی 2025 فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشە تورک، عەرەب و رۆژئاواییەکان، لەسەر دۆخی سووریا کۆدەبێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە وەک درێژکراوەی کۆبوونەوەکەی ئوردنە کە هەفتەی رابردوو کرا."
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی، هێرشیانکردە سەر دیمەشق و بەبێ شەڕ گرتیان. بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بەرەو مۆسکۆ هەڵات.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی کوردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و گوتی، "فەرەنسا کار لەسەر تەواوکردنی رێککەوتنی نێوان تورک و کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، رێککەوتنەکە بۆ بەرژەوەندیی هەردوولایە."
ژان بارۆ باسی هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ گەرەنتیکردنی مافی کورد لە سووریای نوێ و گوتی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەتۆن قسەیان کرد. سەرۆکی فەرەنسا بە سەرۆکی تورکیای گوت "پێویستە کوردانی سووریا بە تەواوی ئاوێتەی پرۆسەی سیاسیی راگوزەر بکرێن."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها گوتی "مەرجە هێزەکانی سووریای دیموکرات [هەسەدە] بەشێک بن لە پرۆسەی سیاسیی راگوزەر."
بارۆ گوتیشی "مەرجە، دەستبەجێ شەڕی شارەکانی منبج و کۆبانێ بوەستێت."
لەبارەی ناردنی هاوکاری و هەڵگرتنی سزاکان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "[ئەو بڕیارە] دەکەوێتە سەر پابەندیی روونی سیاسی و ئەمنیی دەسەڵاتدارانی نوێ لە سووریا. دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە بە قسە نا، بەڵکو بە کردارەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ