رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، چەکدارانی داعش لە باکووری رەققە هێرشیان کردە سەر بەربەستی زانکۆ لە باشووری شاری رەققە.
چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی میدیایی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە زاری هێزەکانی ناوخۆوە رایگەیاند، "چوار چەکداری داعش ئەمڕۆ بەسواری ماتۆڕسکیلەوە هێرشیان کردووەتە سەر زانکۆی باکووری رەققە کە دەکەوێتە ناوچەی کەسرات لە باشووری شاری رەققە."
بەگوێرەی هێزەکانی ناوخۆی سووریا، بەهۆی هێرشەکەوە دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لە کەسێکی مەدەنی کە لەکاتی رووداوەکەدا بەو شوێنە تێپەڕ بووە و بەهۆی شەڕەکەوە بریندار بووە.
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەڵێ بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و بکەرەکانیش رادەستی یاسا دەکرێن.
هێزەکانی ناوخۆی سووریا، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاریان بن لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانەی کار بۆ تێکدانی ئاسایشی سووریا دەکەن، دەشڵێت، "ئەمجۆرە هێرشانە، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ساردمان ناکەنەوە."
داعش نەمانی سوپای ئەسەدی قۆستووەتەوە و شانەکانی لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگەی دێرەزوور و حومس چالاکتر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ