ڤیدیۆ.. یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دوای کەوتنی ئەسەد
رووداو دیجیتاڵ
لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد، فڕۆکەخانەی دیمەشق، یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بەرەو حەلەب بەڕێکەوت.
فڕۆکەکە ئەمڕۆ بەیانی کاژێر 10:00ـی بەکاتی دیمەشق بەڕێکەوت و 32 سەرنشینی تێدابوو، کە بەشێکییان رۆژنامەڤان بوون.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، ئەوکاتەی کە هێشتا فڕۆکەخانەکە لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بوو، فڕۆکەخانەکە داخرا و لەوکاتەوە هیچ گەشتێکی ئاسمانی تێدا نەکراوە.
ئیدارەی نوێی سووریا رایگەیاندووە، لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی سووریا هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەکان پاک بکەنەوە و دووبارە دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.
هەروەها حکومەتی راگوزەری سووریا، ئیدارەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی راسپاردووە کە دەبێت ئاڵای نوێی سووریا لەسەر فڕۆکەکانیان دروست بکەن.
هێزە چەکدارەکانی سووریا لە 25ـی تشرینی دووەم، دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کرد.
رۆژی 8-12-2024، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دەستیان بەسەر شاری دیمەشقدا گرت و رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند.
سووریا ئێستا لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە بەڕێوەدەبرێت.