رووداو دیجیتاڵ
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا بە گفتوگۆ دەبێت و پێویستە بە زووترین کات دۆخی وڵاتەکە ئاسایی بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی ئاساییبوونەوەی دۆخی سووریا بە رووداوی گوت، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەبێت بڕیارنامەی 2254ـی تایبەت بە سووریا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، بکرێتە بنەما.
گوتەبێژەکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سووریا و رۆڵی کورد تێیدا گوتی: "ئەم بابەتە پێویستە لەلایەن سووریاییەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بابەتێکی دەرەکی نییە. سووریا وڵاتێکە مێژوویەکی دێرینی هەیە و ئەزموونێکی لەمێژینەشی لە پێکەوەژیان هەیە. ئەوان پێویستە داهاتووی خۆیان بنیاتبنێن." جەخت لەوەش دەکاتەوە، "هەڵوێستی خۆمان بۆ سەروەریی خاکی سووریا دووپاتدەکەینەوە."
سەبارەت بە رێکارە گرنگەکان بۆ داهاتووی وڵاتەکە، زاخارۆڤا گوتی: "یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانیش پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارەکانیان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، داوای گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی بۆ وڵاتەکە "بە زووترین کات" کرد و گوتی: "زۆر گرنگە دڵنیایی بدرێ لەوەی بە یاسا حوکم بکرێت، مافەکانی هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزرێت و رێگری لە تووندوتیژی و خوێنڕشتنی زیاتر بکرێت."
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، حکومەتی سووریا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەوە بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریری شام رووخێنرا. دوای ئەوە حکومەتێکی راگوزەر لەو وڵاتە تاوەکو ئاداری داهاتوو پێکهات. ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاواش لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی وڵاتەکەدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ