مورشید خەزنەوی: نابێت کوردی رۆژئاوا چەک دابنێن

46 خولەک له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
مورشید خەزنەوی، مامۆستای ئایینی لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو.
مورشید خەزنەوی، مامۆستای ئایینی لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو.
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی ئایینیی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، دەبێت تۆڵەی هەموو ''شەهیدان'' و زیندانییانی کوردی ژێر دەسەڵاتی رژێمی رووخێنراوی بەشار ئەسەد بکرێتەوە. گوتیشی، ''کاتێک تۆڵە دەکرێتەوە کە مافی کورد لە حکومەتی نوێی سووریا وەربگیرێت.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-12-2024، مورشید خەزنەوی، کەسایەتی و مامۆستای ئایینیی رۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا پێشکێشیکرد، لە ستۆدیۆکانی رووداوەوە لە هەولێر رایگەیاند، سبەی دەچێتەوە رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، رۆشنبیران و کەسایەتییەکانی کورد گفتوگۆ دەکات.
 
رۆژی 8ـی کانوونی دووەم، حکومەتی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی رووخێندرا و دەستەکە حکومەتێکی راگوزەری پێکهێنا. مورشید خەزنەوی گوتی، ''دەبێت تۆڵەی هەموو شەهیدانی کورد بکرێتەوە، ئەو تۆڵەیە کاتێک دەکرێتەوە کە مافی کورد لە حکومەتی نوێی سووریادا دەستەبەر بکرێت''.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە کە مەعشووق خەزنەویی باوکیشی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە شەهید کراوە، گوتی: ''قبووڵ ناکەین تۆڵەی شەهیدانی ئێمە لەسەر زەوی بمێنێتەوە و هەموو گوشارێک بۆ تۆڵەسەندنەوە دەکەین، ئەگەر پێویست بێت، دەچمە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان دەکەم.''
 
بەگوتەی مورشید خەزنەوی، گرنگ ئەوە نییە کە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، ''گرنگ ئەوەیە کار بکەم و ئەو ئەرکەی لەلایەن هەزاران خەڵکی خۆمان بۆ تۆڵەی شەهیدان پێم بەخشراوە، هەوڵی بۆ بدەم.''
 
ئەو مامۆستا ئایینییە جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و ''تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان''، پەیوەندی بە وەرگرتنی هیچ پلە و پۆستێکی حکومی نییە، ''لە سووریای نوێدا ئەگەر مورشید خەزنەوی، پۆستێک وەربگرێت، چ وەزیر، موفتی، یان سەرۆکی شارەوانی، وەرن و لێپرسینەوەم لەگەڵدا بکەن. ئەگەر پێشنیازی وەرگرتنی پۆستێکیشم بۆ بکرێت، بەڵێن دەدەم بە گەلی رۆژئاوای کوردستان، رەتیبکەمەوە.''
 
شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان بوون و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق.
 
مورشید خەزنەوی گوتی: ''ئەگەر ئەم شاندە بە مەبەستی خزمەتکردنی گەل و دوور لە بەرژەوەندی و یارییە سیاسییەکان پێکبهێنرێت، ئامادەم منیش تێیدا بەشدار بم و کێشەم لەگەڵیدا نابێت.''
 
ئەو مامۆستا ئایینییە لەبارەی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام گوتی: ''من دەبینم کە توانیویێتی خۆی بگۆڕێت، بێگومان مێژووەکەی دەزانین کە چۆن لە ئەلقاعیدە دەربازی داعش بوو، لە داعش جیابووەوە و بوو بە ئەلقاعیدە، بەڵام ئەمڕۆ دیدگەی خۆی گۆڕیوە، توانیویێتی لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن بکات، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستاش خۆی و گرقوپەکەی لە لیستی تیرۆردان.''
 
مورشید خەزنەوی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات وەک چۆن جۆلانی توانیویێتی بگۆڕدرێت، ئەوانیش گۆڕانکاری بەسەر خۆیاندا بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە کار بکەن و مافی کورد دەستەبەر بکەن.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نزیکەی 40٪ـی خاکی سووریایان بەدەستەوەیە کە زۆرینەی لایەنە پێکهێنەرەکانی کوردن. ئەو مامۆستا ئایینییە پێیوایە، نابێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەرداری چەک و بەڕێوەبەری بێت، ''چونکە چەکیان لە دەستدا نەمێنێت، بێگومان هێزیان بۆ پرسی دانوستاندن کەم دەبێتەوە، کاتێک دانوستاندنەکان ئەنجامیان دەبێت کە چەکیان بەدەستەوە بێت.''
 
ئێستا مژاری گەرمی رۆژئاوای کوردستان هەوڵی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان بە دیاریکراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (پەیەنەکە)ـیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوانیان نەکراوە.
 
مورشید خەزنەوی گوتی: ''بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن، لەوانەیە لە رابردوودا ناکۆکیان هەبووبێت، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر (رێکنەکەوتن) و گەلی کورد لێیان کشانەوە، ئەوکات هیچ کەسێک نامێنێت، دەبنە بەڕێوەبەری کێ؟''.
 
بڕیارە ئەو مامۆستا ئایینییە سبەی بگەڕێتەوە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان و 20ـی کانوونی یەکەمیش لە مزگەوتی شەهید مەعشووق خەزنەوی لە حلکۆی سەر بە شارەکە، گوتاری هەینی بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، وێنە: AFP

نەتەوە یەکگرتووەکان: هیواخوازین کێشەی کورد لە سووریا بە رێگەی سیاسی چارەسەربکرێت

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند هیواخوازن کێشەی کورد و شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمدواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە باکووری سووریا، بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت.