رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد کە پرۆسەیەکی سیاسی لە سووریا بەڕێوەبچێت کە گشتگیر بێت و لەلایەن سوورییەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی لەسەر دۆخی سووریا کرد.
ئەنجوومەنەکە لە دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە سووریا و وڵاتانی دراوسێی دەکات لە هەر کردەیەک دووربکەونەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەنجوومەنەکە لەبارەی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی لە سووریا دەڵێت، "ئەو پڕۆسە سیاسییە دەبێت لەگەڵ خواستە رەواکانی هەموو سوورییەکان بگونجێت."
هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنەکە پابەندنی خۆیان بۆ "سەروەریی، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی خاکی سووریا" دووپاتکردەوە و داواشیان لە وڵاتان کرد کە رێز لەو بنەمایانە بگرن. گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە ئەنجوومەنەکە داوای لە ئیسرائیل کرد کە هەموو چالاکییەکانی تایبەت بە دروستکردنی کۆمەڵگە لە بەرزاییەکانی گۆلان رابگرێت.
نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای "یارمەتییەکی فراوان"ـی بۆ سووریا کرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە بنیادنانەوەی بکرێت.
پێداویستییە مرۆییەکان
لەبارەی پێداویستییە مرۆییەکانی سووریا، پێدەرسن گوتی، "ئامادەییەکی نێودەوڵەتی روون هەیە بۆ بەشداریکردن [لە بنیادنانەوەی سووریا]. پێداویستییەکان زۆرن و تەنیا بە پشتیوانییەکی فراوان دەتواندرێت پڕ بکرێتەوە."
تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری مرۆیی رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا روویداوە تاوەکو ئێستا نەبووەتە هۆی ئەوەی کە دۆخی مرۆیی ئەو وڵاتە باشتر ببێت.
فلێچەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی گوت، نزیکەی 13 ملیۆن کەس رووبەڕووی نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە. ئەو نائارامییەی کە روویداوە تەنیا دۆخەکەی خراپتر کردووە. لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە، زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ