وڵاتان پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە نوێیەکەی سووریا دروست دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 ساڵ دەرگەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکرێتەوە. فەرەنساش هاوشێوەی چەندین وڵاتی دیکە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد دەگەڕێنەوە بۆ سووریا.
ژان فرانسووا گییۆم، سەرۆکی شاندی فەرەنسا دەڵێت، "لە رێگەی ئەم هەنگاوەوە ئێمە دەمانەوێت پێشانی بدەین کە فەرەنسا ئامادەیە لەگەڵ سووریاییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ کار بکات و لێرەشم بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆ لە سووریا دروست بکەم."
لەدوای رووخانی دەسەڵاتە 24 ساڵییەکەی بەشار ئەسەد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت کە لەدوای جەنگی نێوخۆی سووریا لە 2011 لەو وڵاتە کشابوونەوە، ئێستا جارێکی دیکە روو دەکەنەوە وڵاتەکە.
لە ماوەی 10 رۆژی دوای رووخانی ئەسەد، هەریەک لە تورکیا و قەتەر باڵیۆزخانەیان کردەوە. فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا شاندی دیپلۆماسیان رەوانەی دیمەشق کردووە.
ئۆرسلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "ئێمە دەبێت پەیوەندییە راستەوخۆکانمان لەگەڵ تەحریری شام و گرووپەکانی دیکە فراوانتر بکەین."
سەرکردایەتیی نوێی سووریاش لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وڵاتاندا داوا دەکەن، هەمووان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکەنەوە و سزاکان هەڵبگرن تاوەکو پەنابەرانی سووریا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.