ئەمریکا داوا لە دەستەی تەحریری شام دەکات دەستبەجێ لە حەلەب بکشێتەوە

رووداو - هەولێر

ئەمریکا داوا دەکات هەرچی زووە هێزەکانی دەستەی تەحریری شام لە باکووری حەلەب بکشێنەوە. ئەوە کاتێکدایە کە بۆ ماوەی شەش رۆژ دەبێت ئەو هێزە شاری عەفرینی لە رۆژئاوای کوردستان کۆنتڕۆڵکردووە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2022 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا لە تویتێکدا رایگەیاند: "زۆر نیگەرانین لە لەشکرکێشیی ئەمدواییەی دەستەی تەحریری شام کە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، بۆ سەر باکووری حەلەب." 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەشڵێت: "پێویستە هێزەکانی دەستەی تەحریری شام دەستبەجێ لەو ناوچەیە بکشێنەوە".
 
شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەرووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە. 
 
لە تویتێکی دیکەدا، ئەمریکا نیگەرانیی "قووڵی تووندوتیژیی ئەمدواییەی باکووری رۆژئاوای سووریا" رادەگەیێنێت و داوا دەکات هەموو لایەنێک ژیان و ماڵی خەڵکی سڤیل بپارێزن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە دوانیوەڕۆی 13ـی تشرینى یەکەمى 2022، چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریرى شام بەتەواوەتى شارى عەفرینى رۆژئاواى کوردستانیان کۆنتڕۆڵکرد و سەرجەم هێزەکانى سەر بە فەیلەقى سێى سەر بە "سوپاى نیشتمانیى سووریا" کشانەوە کە وەک ئۆپۆزیسیۆنى چەکدارى سووریا دەبینرێت و بەنزیک لە تورکیا ناسراون.
 
عەفرین تاوەکو ساڵی 2018 لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات دابوو، بەڵام هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە هاوکاری تورکیا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر شارەکە بەناوی ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوون" دەستپێکرد و شارەکەیان داگیرکرد.
 
دانیشتووانی عەفرین کە زۆربەیان کوردن، بەشی زۆریان دوای ئۆپەراسیۆنەکە شارەکەیان جێهشتووە و روویان لە ناوچەی شەهبای ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەدەسە کردووە. لە دوای ئۆپەراسیۆنەکە ژمارەیەکی زۆر لە تورکمان و عەرەبی هاوردە لە شوێنی کورد لە عەفرین نیشتەجێکراون.

 

 
گرووپە چەکدارەکان لە هەرێمی عەفرین
 
لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، دوو بەرەی چەکداری دژیەک هەن کە هەردووکیان لەو سنوورە شەڕدەکەن بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان.
 
گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین
 
فەیلەقی سێیەم
 
هێزی سەرەکی سوپای نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە. 
 
دەستەی تەحریری شام
 
ئەم گرووپە بەرەی نووسرەی جارانە، سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، تائێستاش لەنێو لیستی تیرۆری جیهانیدایە.
 
رۆژی پێنجشەممە 13.10.2022 تەحریری شام، ناوەندی شاری عەفرین و دەوروبەری کۆنترۆڵکرد و هەردوو گرووپی حەمزات و سوڵتان سلێمان شا کە (عەمشات)ناسراوە، هاوکاری تەحریری شام بوون.
 
پێش ئەوەی تەحریری شام، ناوەندی عەفرین کۆنترۆڵبکات، هێزێک بەناوی (فەیلەقی سێیەم) لە شاری عەفرین بوو، بەڵام شارەکەیان بۆ تەحریری شام چۆڵکرد و بەرەو شاری ئەعزاز کشانەوە، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری عەفرین.
 
فەیلەقی سێیەم
 
بەشێکە لە پێکهاتەی (سوپای نیشتمانیی سووری) سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە شەش گرووپی سەرەکی پێکهاتووە، هاوشانی ئەو گرووپانەش، چەند گرووپێکی دیکەی بچووک هەن. جەبهەی شام، گەورەترین گرووپی فەیلەقی سێیەمە و لە دوای ئەویش جەیشی ئیسلام، فەیلەقی مەجید، لیوای ئیسلام، فیرقەی مەلیک شا، فیرقەی 51، گرووپی سوڵتان مەلیک شا و سقووری شام دێن.
 
پێکهاتەی سوپای نیشتمانی
 
سوپای نیشتمانی سووریا، لە سێ فەیلەقی سەرەکیی پێکهاتووە، فەیلەقەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم.
 
فەیلەقی سێیەم
 
فەیلەقی سێیەم ئێستا لە عەفرین لەگەڵ تەحریری شام، حەمزات و عەمشات لە شەڕدایە، شارەکەی چۆڵکردووە و بەرەو ئەعزاز کشاوەتەوە. بەشێکی سەرەکییە لە سوپای نیشتمانی، هاوشانی فەیلەقەکانی یەکەم و دووەم.
 
سوپای نیشتمانی سووری، لە 30.12.2017 دامەزراوە و بەگوێرەی زانیاریی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری، ژمارەی چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووری بە نزیکەی 80 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت.
 
پێکهاتەی سوپای نیشتمانی
 
سوپای نیشتمانی سووری، لە سێ فەیلەقی گەورە پێکهاتووە، فەیلەقی سێیەم، کە ئێستا لە شەڕدایە دژی دەستەی تەحریری شام و حەمزات و عەمشات، کە ئەمانە بوونەتە یەک بەرەی هاوبەش لە دژی ئەو فەیلەقە.
 
چەند گرووپێکی دیکەش هەن کە سەر بە سوپای نیشتمانیی سووری-ن، لەوانە: نوورەدین زنکی، لیوای فارووق، جەیشی شەرقییە، بزووتنەوەی رزگارکردن و ئاوەدانکردنەوە و ئەحرار شەرقییە.
 
فیرقەی حەمزات
 
ئەم گرووپە بە حەمزات ناسراوە، یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی فەیلەقی دووەمی سەر بە سوپای نیشتمانی سووری.
 
فیرقەی عەمشات
 
ئەم گرووپە یەکێکبوو لە پێکهاتە سەرەکییەکانی فەیلەقی یەکەم، بەڵام دواتر لەو فەیلەقە جیابووەوە و چووە ناو فەیلەقی دووەمەوە.
 
فەیلەقی یەکەم
 
فەیلەقی یەکەم لە چوار فیرقە پێکهاتووە، فیرقەکانی 11،12،13و14. گرووپەکانی سەر بەو فیرقەیە، لیوای شیمال، ئەحراری شەرقییە، لیوای سوڵتان محەممەد فاتیح، فەیلەقی شام و جەیشی شەرقییە.
 
هەروەها فیرقەی سوڵتان سلێمانی شا (عەمشات) کە لێیان جیابووەوە و چووە ناو فەیلەقی دووەم.
 
فەیلەقی دووەم:
 
فەیلەقی دووەم لەم گرووپانە پێکهاتووە: فیرقەی سوڵتان موراد، فیرقەی حەمزە، لیوای سقووری شیمال، فیرقەی موعتەسەم، جەیشی ئیسلام و فەیلەقی رەحمان.
 
هەموو ئەم گرووپانە سەر بە تورکیان، دەکرێ گرووپێک لەناو هێزێک جیا ببێتەوە و بچێتە ناو هێزێکی دیکەوە، یان لە بەرەیەکەوە بچێتە بەرەیەکی دیکە دژی بەرەکەی پێشووتری خۆی، بەڵام سەرەنجام هەموویان سەر بە هێزێکی دەرەوەی سووریان کە (تورکیا)یە.