ژمارەیەک پارچە شوێنەوار کە داعش تێکیدابوون بە نۆژەنکراوی لە چیکەوە دەگەڕێندرێنەوە سووریا

18-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

20 پارچە شوێنەوار کە پێشتر بەهۆی شەڕی نێوخۆییەوە زیانیان بەرکەوتبوو، دوای چاککردنەوەیان لە کۆماری چیکەوە دەگەڕێندرێنەوە سووریا. 

پارچە شوێنەوارەکان ئێستا لە مۆزەخانەی نیشتمانیی پراگ نمایشکراون و بڕیارە مانگی داهاتوو بنێردرێنەوە سووریا. سێ تابلۆی بەردین کە لە شاری تەدموور هەڵگیراونەتەوە لە نێو پارچە شوێنەوارەکاندان، کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە زیانیان پێ گەیێنرابوو، دوای ئەوەی گرووپە پەڕگیرەکە لە ساڵی 2015 شارەکەی نێو لیستی میراتی یونسکۆی کۆنترۆڵکرد.  
 
مایکڵ لوکس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتمانیی پراگ ئاماژە بەوە دەکات، پارچە شوێنەوارەکان هەمیشە بەهۆی "شەڕ و هەوڵدانی خەڵک بۆ فرۆشتنیان" زیانیان بەردەکەوێت. دەشڵێت: "ئەم تابلۆیانە بە چەکوشی پۆڵایین شکێنرابوون."
 
هێزەکانی حکومەتی سووریا ساڵی 2017 تەدموریان کۆنترۆڵکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە شارەکە لە لایەن داعشەوە کرایە سەکۆیەک بۆ لەسێدارەدانی ئاشکرا، ژمارەیەکی زۆری شوێنەوارەکانی لەنێوبران. 
 
بە سرووشوەرگرتن لە پێکەوەکارکردنی پێشووی خۆی لەگەڵ سوودان و ئەفغانستان، مۆزەخانەی نیشتمانیی پراگ لە ساڵی 2022، 20 پارچە شوێنەوارەکەی بردنە وڵاتەکەی و تیمێکی کە لە شەش پسپۆڕی تایبەتمەند پێکهاتبوو، بۆ ماوەی ساڵێک کاری لەسەرکردن بۆ ئەوەی پارچەکان چاکبکەنەوە. 
 
لوکس دەڵێت: "شتی ئاسنین، برۆنز و کانزایی هەن لەگەڵ تابلۆکانی تەدمور."
 
هەروەها تەوقەیەکی بە زێڕ رووپۆشکراو کە دەگەڕێتەوە بۆ 1600 بۆ 1200 ساڵ پێش زایین، لەگەڵ گوێزان و چەقۆی برۆنز و چەند پەیکەرێکی برۆنزی و مسی "خواوەندە کۆنەکان" لە نێو پارچە شوێنەوارەکاندان. مۆزەخانەی نیشتمانیی پراگ لە ساڵی 2017ـەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مۆزەخانە و شوێنەوارەکانی سووریادا هەیە. 
 
لوکس دەڵێت: "ئێمە بە دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ ئەوان، دەستمان بە یارمەتیدانیان کرد، تاوەکو بتوانن لە ناوچەکانی جەنگ شوێنەوارەکان بپارێزن، بیانگوازنەوە و چاکیانبکەنەوە."
 
لە ئەنجامی هاوئاهەنگییەکە، تیمێکی شوێنەوارناسیی هاوبەش پێکهێنراوە کە لە شاری لازقییەی رۆژئاوای سووریا کار دەکەن. لوکس دەڵێت، دوای مانگێک لە نماییشکردنیان لە مۆزەخانەی پراگ، پارچە شوێنەوارەکان لە کۆتایی مانگی ئایار دەگەڕێندرێنەوە سووریا، دەشڵێت: "هیوادارم دۆخی سووریا بەشی ئەوە ئارام بووبێتەوە کە زیانیان بەرنەکەوێتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە