رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سێ چەکداری داعشی لە رەققە دەستبەسەر کردووە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رۆژی هەیینی (17ـی ئاداری 2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هەسەدە دوو ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنەی لە رەققە کرد و سێ چەکداری داعشی دەستبەسەر کردووە".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە لە پلانداناندا هاوکاری کراون و لە ئەنجامدا "بەشێوەیەکی سەرکەوتوو حوسێن خەلیل حوسێن، چەکدارێکی ناسراوی داعش و عەبدولجەبار عیماد موخلیف، سەرکردەی شانەیەکی داعش"ـیان دەستبەسەر کردووە.
ژەنەڕاڵ کلۆد تودۆر، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا دەڵێت: "توانای هەسەدە بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆز لە هەرێمی رەققە کارێکی بنچینەیی ئامانجە هاوبەشەکانمانە لە تێکشکاندنی داعشدا".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردن و پێدانی راوێژ بە هاوبەشەکانیان بۆ بەدەستخستنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.
لەکاتی شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2013 شاری رەققە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستی بەسەردا گیرا. لە ساڵی 2014ـشدا داعش دەستی بەسەر رەققەدا گرت و کردییە پایتەختی خەلافەتەکەی، لەئەنجامدا شارەکە بووە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی سووریا، رووسیا، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە و رووبەڕووی کاولکارییەکی زۆر بووەوە. لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2017 هێزەکانی سووریای دیموکرات ئازادکردنی تەواوی شارەکەی لەدەستی داعش راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ