جۆن کێری: داوا لە ئیدارەی نوێ دەکەم بەشداری گفتوگۆکانی ئەستانا بكات

18-01-2017
دیار کوردە @diyarkurda
23ی ئەم مانگە لە لایەنە ناکۆکەکانی سووریا ئاستانا کۆدەبنەوە
23ی ئەم مانگە لە لایەنە ناکۆکەکانی سووریا ئاستانا کۆدەبنەوە
نیشانەکردن ئەستانا
A+ A-

رووداو - هەولێر

جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی بانگهێشتی گفتوگۆکانی ئەستانا بۆ چارەسەری کێشەی سووریا کراوە. داواش لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکات، بەشداری گفتوگۆکان بكات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێران کە پشتیوانێکی سەرسەختی حکومەتی سووریایە، دژی بەشداریکردنی ئەمریکایە لە کۆبوونەوەکانی ئەستانای تایبەت بە سووریا.

23ی ئەم مانگە لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان لایەنە ناکۆکەکانی سووریا کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە لەلایەن هەریەکە لە رووسیا، تورکیا و ئێران نێوەندگیری دەکرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان و واشنتن-یش بانگهێشتی گفتوگۆکان کراون.

تاوەکو ئێستا روون نییە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکات یاخود نا، بەڵام جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە داوا لە ئیدارەی نوێی وڵاتەکەی دەکات، بەشداری بکات.

جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە داڤۆس گوتی "رووسیا لەگەڵ تورکیا و ئێران و لایەنەکانی دیکە هەوڵدەدات هەندێک پێشکەوتن ئەنجامبدات، ئێمەش هانی ئەو کارە دەدەین. ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی رووسیا، تورکیا و، ئێران دەکەین کە دەچنە ئەستانا. هەروەها ئەمریکاش بانگهێشتی گفتوگۆکان کراوە، بۆیە داوا لە ئیدارەی نوێی دەکەم بەشداری بکات".

لای خۆیەوە، حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە نۆیەمین کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ساڵانەی خۆیدا خواستەکانی تارانی لەبارەی دۆخی سووریا خستەڕوو.

روحانی گوتی "خواستی ئێران لە گفتوگۆکانی سووریا ئەوەیە کە پێویستە ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام بن. هەروەها هەموو لایەک هاوکار بێت بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان. قۆناخی دوای گفتوگۆکانیش شەڕی دژ بە تیرۆرە، دژ بە داعش و هەروەها بەرەی نوسرە و گرووپەکانی دیکە کە پشتیوانیان لێدەکەن، دەبێت ئەو شەڕە بەردەوام بێت تاوەكو سەقامگیری بۆ سووریا دەگەڕێتەوە".

حکومەتی سووریا ئامادەیی خۆی دەڕبریوە، کە لە ئاستانا هەمووشتێک بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندنی لەبارەوە بکات.

ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش، هەرچەندە ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا دەڕبڕیووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە شاندەکەی دیارە و نە ئەو خاڵانەش کە دەیەوێت گفتوگۆی لەبارەوە بکات.

بەپێی چەند زانیارییەکی دەزەپێکراویش، رووسیا، تورکیا و ئێران هەموو شتێکی کۆبوونەوەکەیان بڕاندووەتەوە و نووسراوێکیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری لە سووریا ئامادەکردووە، كە لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا واژۆی لەسەر دەکرێت.

داڕشتنەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە