ئەندامێکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد-سووریا: هێزە چەکدارەکان لە نزیک بەنداوی تشرین خەریکی خۆڕێکخستنن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە تورکیا بە درۆن چەند ناوچەیەکی سنووری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات.
موسلیم شێخ حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا کە بە پارتی ئەلوەحدە دەناسرێت، ئەمرۆ میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، "لە نێو شاری کۆبانێ و گوندەکانی، بارودۆخ ئارامە، بەڵام خەڵک لە دڵەڕاوکێدا دەژین".
تورکیا و گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کۆبانێ دەکەن، پێشووتر هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردبوو،" تورکیا چەکدارەکانی پڕچەک کردووە و خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کۆبانێ".
موسلیم شێخ حەسەن لە بارەی جموجۆڵی هێز لە دەوروبەری کۆبانێ دەڵێت،"لە باکووری کۆبانێ کە 80 بۆ 90 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە، هیچ جموجۆڵێکی سەربازی نییە، ئەو جموجۆڵەی هەیە لە رۆژئاوای پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرینە کە تورکیا و گرووپە چەکدارەکان هێزیان کۆ کردووەتەوە و خەریکی خۆڕێکخستنن".
موسلیم شێخ حەسەن ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە رۆژهەڵاتی کۆبانێ کە دەکەوێتە سەر سنووری گرێسپی، دوو رۆژە درۆنەکانی تورکیا ناوچەکە بۆردوومان دەکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، "تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری دەکەن هێرش بکەنە سەر کۆبانێ. گرووپە چەکدارەکان و هێزی کۆماندۆی تورکیا و تۆپهاوێژ لە نزیک کۆبانی کۆ کراونەتەوە".
موسلیم شێخ حەسەن باس لە هەوڵە سیاسییەکان دەکات بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، "لە شاری قامشلۆ گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە، پارتی ئەلوەحدە، کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کورد و لایەنەکانی دیکەش هەبووە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەوڵدەدات یەکدەنگییەک لەنێوان لایەنە کوردییەکان دروست بێت".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی ئەمریکی، فەڕەنسی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەتەوە، داوایانکردووە شاندێکی یەکگرتوو دروستبکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شام و داواکارییەکانیان بە نووسراو پێشکێش بکەن.
بە گوتەی موسلیم شێخ حەسەن، کورد داوا دەکات سووریای داهاتوو لا مەرکەزی و فرەلایەن بێت، لە دەستووردا دان بە مافی گەلی کورد دا بنرێت و وەکو دووەمین نەتەوە لە سووریا بناسرێت.