رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام دەڵێت: ئازدییان لە گەرووی ئەسەد (شێر) دەرهێناوە بەبێ ئەوەی داوای هاوکاری لە هیچ لایەنێکی دەرەکی یان میلیشیای بیانی بکەن.
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام کە سەرکردایەتیی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئێمە گەلێکین کە ئازادیمان لە گەرووی ئەسەد (شێر) دەرهێنا، بە ویستی خودا، ئیرادەی گەل و بازووی پیاوان، داوای هاوکاریمان لە هیچ لایەنێکی دەرەکی یان میلیشیای بیانی نەکرد."
لە بەکارهێنانی وشەی "ئەسەد"، رەنگە مەبەستی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا بێت، هاوکات ئیدۆمێکیش بێت و مەبەستی "شێر" بێت.
ئەحمەد شەرع دەڵێ: "ناتوانرێت ئیرادەی گەلێکی ئازاد لاواز بکرێت کە لەسەر ئازادی و خاک سازش ناکات، بۆیە دووبارەی دەکەمەوە، دەوڵەت سەروەری خۆی بەسەر هەموو خاکەکەیدا دەسەپێنێت."
شەممە، 14-12-2024، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، ئەو کاتە بۆ خزمەتکردنی گەلی سووریا و بنیاتنانی داهاتوو دەقۆزنەوە و، ئەو کارە لە دەست نادەن کە چەندین ساڵە کردوویانە: "ئەگەر سوورییەکان داوام لێ نەکەن، بەمشێوەیەی ئێستا ئاسوودەم و خۆم بۆ پۆستی سەرۆک بەربژێر ناکەم."
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، له داهاتوودا هەڵبژاردن له سووریا دەکرێت و وەزارەتی بەرگری هەموو گرووپه چەکدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دا نامێنێت.
لەبارەی دەستووریشەوە گوتی: "بۆ دەستووری سووریا، لیژنە و ئەنجوومەنی تایبەت دروست دەکرێن و، شێوازی دەسەڵات دەدرێتە دەست شارەزایان، یاساناس و گەلی سووریا و لەم چوارچێوەیەدا تواناکان دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دەوڵەتی نوێ."
8ـی کانوونى یەکەم، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا دواى ئەوەى چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریر شام دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد.
13ـی کانوونى یەکەمى 2024، ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانى)، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) پەیامێکى ڤیدیۆیی بۆ گەلى سووریا بڵاوکردەوە و گوتى "پیرۆزبایی لە گەلى سووریا دەکەم بە بۆنەى سەرکەوتنى شۆڕش و داوایان لێدەکەم بچنە گۆڕەپانەکان بۆ دەربڕینى خۆشی، بەبێ تەقەکردن و تۆقاندنى خەڵک."
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا ئەحمەد شەرع ئاماژەى بەوەدا لە دواى دەربڕینی ئەو خۆشییە، "روودەکەینە بونیاتنانەوەى سووریا."
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، هەتەشە، محەممەد بەشیری بۆ پێکهێنانی حکومەتى قۆناخى راگوزەر راسپارد، کە لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە سەرۆکى حکومەتى رزگاریی نیشتمانى سەر بەو گرووپە دەستنیشانکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ