رووداو دیجیتاڵ
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، خەڵکی دیمەشق دەستیان بە کردنەوەی باڕ و یانەی شەوانە کردووەتەوە. زۆربەیشیان دەکەونە ناوچەکانی باب توما و باب شەرقی.
خاوەن باڕ و یانە شەوانەکان بە کردنەوەی شوێنەکانیان دڵخۆشن، بەڵام دەڵێن لە ترسی گرووپە چەکدارەکان هەم ژمارەی سەردانیکەران هەم کردنەوەی باڕەکان کەمە.
جاد، خاوەن باڕە و دەڵێت، "ترس لەنێوان رازیبوون و رەتکردنەوە وایکردووە خەڵک بە کەمی لەم شوێنانە دەرکەون. خەڵک ترسی هەیە و دۆخەکەی بۆ روون نییە جارێ، ئێمە وەک خاوەن بارەکان چووینە لای دەستە و هێزەکان کە بەرپرسی ناوچەکەن، پرسیارمان لێکردن ئایە ئێمە بۆمان هەیە دووبارە باڕەکان بکەینەوە و بەشێوەیەکی ئاسایی ژیان بکەین، گوتیان هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەدەخەکردن و دۆخەکە زۆر ئاساییە، لەسەر ئەم بنەمایە دەستمان بە کردنەوەی باڕ و یانەکان کردووە و خەڵکیش وردە وردە دێن سوپاس بۆ خوا".
خەڵکی سووریا دەڵێن، هیچ مامەڵەیەکی خراپیان لە دەسەڵاتی نوێی سووریا نەبینیووە و لە چوونیان بۆ باڕ و یانە شەوانەکان هیچ رێگرییان لێناکرێت.
عەبدولجەلیل عومەر، دانیشتووی شارەکە دەڵێت: "ئێستا راستە دۆخەکە زۆر سەقامگیر نییە، ناتوانێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە ئەمە کارێکی ئاسان نییە، وڵات بەتەواوی گۆڕانکاری بەسەر هاتووە، بۆیە ئاسان نییە لە شەو رۆژێکدا کۆنترۆڵبکرێت. ئێمە هیچ توڕە نین کە بەم شێوەیەیە، چونکە تێدەگەین دۆخەکە ئاسایی نییە، ئینشاڵڵا هەموو شتێک وردە وردە دەچێتەوە شوێنی خۆی".
دەسەڵاتی نوێی سووریا تاوەکو ئێستا کردنەوەی باڕ و یانە شەوانەکانی قەدەخە نەکردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیسلامیین و بەشێکیان توندڕۆن، خەڵکی لە چوونە ئەو شوێنانە دەترسن.
باب توما و باب شەرقی، دوو شوێنن بەردەوام پڕن لەو کەسانەی حەزیان بە ئاهەنگی شەوانەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی دەسەڵاتی نوێوە خەڵکێکی کەمی لێدەبینرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ