زیندانیێکی دەزگەی هەواڵگریی سووریا: کارم گواستنەوەی تەرم بوو
رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەی دەزگەی هەواڵگریی سووریا لە دیمەشق، بە هەواڵگری لقی فەلەستین ناسراوە، بەڵام هیچی لە زیندانییەکانی دیکە کەمتر نەبوو، زیندانییەک دەڵێت، "کارم گواستنەوەی تەرم بوو".
ئەدهەم باجبوج، یەکێک بووە لە زیندانییەکان و چیرۆکی ئەشکەنجەدانەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، " گیراوەکانی ئەم گرتووخانەیە، ناچار دەکران کاژێر پێنجی بەیانی کرێکاری بکەن. دەیانبردنە ژووری ئەشکەنجە و تەرمەکانمان لە ژوورەکە هەڵدەگرت و دەمانگواستنەوە، دواتر ژوورەکەمان پاک دەکردەوە."
باڵەخانەکە بە یەکێک لە ترسناکترین شوێنەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد دادەنرێت. زیندانییەکان دەڵێن، هەر کەسێک لەوێ زیندانیکرابووایە، رۆژی رووناکی نەدەبینییەوە.
محەممەد دەروێش، یەکێک بووە لە زیندانییەکانی گرتووخانەکە و باس لەوە دەکات، "من یەکێک بووم لەوانەی زۆرترین لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کرا و ئەشکەنجە درام، لەبەرئەوەی بەبۆچوونی ئەوان، تاوانەکەم زۆر گەورە بوو؛ ئەویش، من رۆژنامەڤان بووم."
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە سەردەمی بەشار ئەسەد زیاتر لە 100 گرتووخانە هەبوون، بەشێک لە گرتووخانەکان نهێنی بوون، بەڵام هەموویان شوێنی ئەشکەنجەدانیان تێدا بووە.
راپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا دەڵێت، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لە کۆی 136 هەزار زیندانی تەنیا 31 هەزاریان ئازاد کراون و چارەنووسی 105 هەزاری دیکەیان نادیارە.