نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دیمەشق و داعش دەکات چەکی کیمیایی بەکارنەهێنن


رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەیاسایەک لەبارەی رەوشی مرۆیی لە سووریا پەسند دەکات، کە تێیدا داوا لە حکومەتی سووریا و داعش دەکات چەکی کیمیایی بەکارنەهێنن.
 
رۆژی چوارشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2022، کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرووەکان لە نیویۆرکی ئەمریکا خوێندنەوەی بۆ چەند پڕۆژەبڕیارێک لەبارەی پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ژمارەیەک وڵاتدا کرد، لەوانەش سووریا. 
 
کۆمیتەکە پڕۆژەیاسایەکی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا پەسند کرد کە هەریەکە لە حکومەتی سووریا و داعش پابەند دەکات بەوەی "چەکی کیمیایی بەکارنەهێنن" و رێگە بە کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات لەبەردەم لێکۆڵینەوە لە وڵاتەکەدا، دەستی کراوەبێت.
 
پڕۆژەبڕیارەکە بە دەنگی بەڵێی 90 ئەندام بەرامبەر بە 14 نەخێر و 68 دەنگنەدان، پەسندکرا. 
 
شاندی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەیاساکەی بە "بەقووڵی بەسیاسیکراو و ناشەفاف" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا "خاکی سووریای داگیرکردووە و ژێرخانی سڤیلی وڵاتەکەی بۆردوومانکردووە" بەوەش وەکو خۆی دەڵێت، رێگەی لە هاووڵاتییانی سووریا گرتووە لەوەی دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات.
 
شاندی سووریا رەخنەی تووندی لە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی گرت، بەوەی وەکو خۆی دەڵێت، چاویان لە ئاست "داگیرکردنی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە" داخستووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەوبارەیەوە، لە راگەیێندراوێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆژەبڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی و دەڵێت، پڕۆژەبڕیارەکە هانی سووریا دەدات "رەوشی تۆقێنەری مافەکانی مرۆڤ باشتر بکات".
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە 15ـی ئاداری 2022 پێی نایە 11ـەم ساڵ. لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سەرکۆنەی شەڕەکە دەکات و پاڵپشتیی لێپرسینەوەی ئەوانە دەکات کە وەکو خۆی دەڵێت بەرپرسن لە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ. 
 
بەریتانیا دەشڵێت، لەدوای 11 ساڵی شەڕ لە وڵاتەکەدا، 14.6 ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و نزیکەی 12 ملیۆن کەسیش ئاسایشی خۆراکیان پارێزراو نییە. بە گرنگیشی دەزانێت گواستنەوەی هاوکاری لە سنوورەکانەوە بەردەوام بێت.