چەکدارانی سووریا لەلایەن تورکیاوە بۆ شەڕ دەنێردرێنە ئەفریقیا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد ئەندامێکی گرووپە چەکدارەکانی سووریایە، کە بە نزیک لە تورکیا دادەنرێن. ئەو دەیەوێت تاوەکو لە سووریایە کاتێکی خۆش لەگەڵ منداڵەکانی بەسەرببات، چونکە رەنگە بچێتە ئەفریقیا و نەگەڕێتەوە.
 
ئەحمەد، چەکداری سووریایی دەڵێت، "ئەرکمان ئەوەیە پارێزگاری لە کامپەکان بکەین و مەشق و راهێنان بکەین. دەڵێن، لە داهاتووشدا بەشداری لە شەڕ دەکەین. دوو کاروانی چەکدار رۆیشتوون و سێیەم کاروانیش بەمزووانە دەڕۆن. دۆخەکە لە سووریا زۆر زەحمەتە کە ناچارمان دەکات ئەم وڵاتە جێبهێڵین."
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە چەند مانگی رابردوودا، لانیکەم 1000 چەکدار لە سووریاوە رەوانەی نایجیر کراون بەمەبەستی پاراستنی پرۆژە و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەو وڵاتە.
 
چەکدارانی سەر بە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا، مانگانە 1500 دۆلاریان پێدەدرێت بچنە نایجیر. لە کاتێکدا لە سووریا مووچەی مانگانەیان تەنیا 30 دۆلارە.
 
بەگوێرەی چاودێرانی تورکیا، ئەنقەرە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای نایجیر هەیە، کە لە کودەتاکەی پارەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات.
 
عەبد، چەکداری سووریایی دەڵێت، "راستییەکەی هۆکاری چوونم بۆ نایجیر، لەبەر ئەوەیە من تاکە سەرچاوەی دابینکاری بژێویی ژیانی خانەوادەکەمم، پێداویستیی منداڵەکانم دابین دەکەم و دایکیشم نەخۆشە و پێویستی بە هاوکارییە. پێم گوتراوە بەگوێرەی گرێبەستێکی شەش مانگی دەچمە نایجیر، تاکە شت لێی دەترسم ئەوەیە کە لەوێ بمرم."
 
تورکیا لە 10 ساڵی رابردوودا، لە رێگەی پرۆژە مرۆیی و بازرگانییەکانەوە، پێگە و بەرژەوەندییەکانی لەو وڵاتەی رۆژئاوای ئەفریقا بەهێز کردووە.
 
لە ساڵی 2020، بەرپرسانی تورکیا و نایجیر رێککەوتنێکی هاوئاهەنگیی سەربازییان واژۆ کرد بۆ دابینکردنی درۆنی تورکی بۆ سوپای نایجیر.