ئەمنیستی هەسەدە بە ئەشکەنجەدان لەنێو کامپەکان تۆمەتبار دەکات

17-04-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، هێزەکانی دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ‌‌هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تۆمەتبار دەکات لەنێو کامپەکان، خەڵکیان "ئەشکەنجە داوە."
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە بە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ناسراوە، لە نوێترین راپۆرتیدا، لەبارەی رەوشی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، بڵاویکردووەتەوە؛ بە هەزاران خەڵک کە زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعش بوون، "لە دۆخێکی خراپدان." 
 
ئەو کامپ و گرتووخانانە زیاتر لە 56 هەزار کەسیان تێدایە و زۆربەیان بە تۆمەتی داعشبوون، دەستبەسەرن.
 
دوای پێنج ساڵ لەکۆتاییهاتنی شەڕ لەدژی داعش، هێشتا ئافرەت و منداڵانی چەکدارانی داعش لە کامپەکانی رۆژ و هۆل، دەستبەسەرن. ئاگنیەس کالامارد، سکرتێری گشتیی ئەمنیستی دەڵێت "ئەو هێزانە تاوانی جەنگی وەکو؛ ئەشکەنجە و تووندوتیژی و کوشتنیان کردووە."  
 
کالامارد گوتیشی "حکومەتی ئەمریکا پشتگیریی لەو سیستمی کامپانە دەکات و لەهەندێ کاتدا ئەوانیش پێشێلکارییان کردووە." 
 
کامپی هۆل گەورەترین کەمپی کەسوکاری چەکدارانی داعشە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و زیاتر لە 43 هەزار کەسی تێدایە، کە خەڵکی 47 وڵاتن. 
 
دەسەڵاتدارانی خۆسەر چەندینجار داوایان لە وڵاتانی رۆژئاوا کردووە، ئەو کەسانە وەربگرنەوە، بەڵام پرۆسەی وەرگرتنەوەکە "خاو بووە."  
 
لەراپۆرتەکەدا هاتووە، 94٪ـی دەستبەسەرانی نێو کامپ و گرتووخانەکان، ئافرەت و منداڵن "کەس لەو کامپانە، هیچ تۆمەتێکی یاسایی نەدراوەتەپاڵ، یان هۆکاری دەستبەسەرکردنیان لەبەردەم دەستەیەکی سەربەخۆی دادوەری بۆ رووننەکراوەتەوە." 
 
ئەمنیستی ئاشکرای کردووە لەنێو کامپەکاندا، ژمارەیەکی زۆر لە قوربانی بازرگانی بە مرۆڤی تێدایە، کە لەنێویاندا ئەو ئافرەت و منداڵانەی تێدایە، کە بەزۆر بە چەکدارانی داعش بەشوودراون. 
 
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژە بەوە دەکات، لەنێو ئەو کامپانەدا کە لەلایەن هەسەدەوە سەرپەرشتی دەکرێن "ئەشکەنجەدان" بە سیستماتیکی بووە، لەوانە "لێدان، وەستان بەشێوازی نەگونجاو، کارەبالێدان، لەگەڵ تووندتیژی جێندەری."
  
ئەمریکا پاڵپشتیکاری سەرەکیی هەسەدەیە و ئەمنیستی، واشنتن تۆمەتبار دەکات کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون لەو پێشێلکاریانە. 
 
دەستبەسەرکراوێکی پێشوو لە راپۆرتەکەدا رایگەیاندووە. سەربازانی ئەمریکا "ژوورەکان و دەستبەسەرەکانیان دەپشکنی و دەیانبینی خەڵکەکە بەهۆی ئەشکەنجەوە بریندار بوون."  
 
سکرتێری گشتیی ئەمنیستی دەڵێت "حکومەتی ئەمریکا رۆڵێکی بەهێزی هەبووە لە بونیاتنانی ئەم سیستمە و دەبێت رۆڵیشی هەبێت لە گۆڕینیدا." 
 
ئەو داوا لە واشنتن، دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ئەو سیستمی کامپ و گرتووخانانە رێکبخەنەوە و "پابەندی یاسای نێودەوڵەتییەکانیان بکەن." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە