ئامارێکی نافەرمی: نزیکەی چوار ملیۆن کورد لە سووریا هەن

رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارێک، کە نافەرمییە و لەلایەن چەند رێکخراوێکەوە کۆکراوەتەوە، نزیکەی چوار ملیۆن کورد لە سووریا دەژین، عەرەبەکانیش ژمارەیان 18 ملیۆنە لە سووریا، سەرکردەی یەکێک لە پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش پێشبینی دەکات ژمارەی کورد لەوە زیاتر بێت و دەڵێت تەنیا لە دیمەشق نیو ملیۆن کورد دەژین.
ئەو ئامارە نوێیە، کە لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی سڤیل ئامادەکراوە، رێژەی کوردی لە سووریا بە 15٪ بۆ 17٪ داناوە، عەرەب 70٪ بۆ 75٪ی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن، ئاشوورییەکان نزیکەی 2٪، تورکمان نزیکەی 2٪، چەرکەس 0.5٪. ئەرمەن 0.04٪ی دانیشتووانی سووریا پێکدێنن.
دکتۆر تارق دێرکی، جێگری سەرۆکی رەوتی ئازادیی کوردستان، کە ئاگاداری کاری ئەو رێکخراوانەیە ئامارەکەیان کۆکردووەتەوە، بە رووداوی گوت: "دەتوانم بڵێم ئەو ئامارانە زیاتر لە 90٪ لە راستییەوە نزیکن و دەتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت."
سەبارەت بە ژمارەی کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، دکتۆر تارق گوتی: "ژمارەی کورد زۆرن، بەڵام پەرش و بڵاون، بۆ نموونە تەنیا لە لازقیە 73 گوندی کوردی هەن، بەڵام دانیشتووانەکانیان زۆربەیان کوردی نازانن، لە حەماش کوردی سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی هەن، کە پێیاندەگوترێت کوردی ئەیوبی، ئەوانیش مەگەر بە تەمەنەکانیان، ئەگینا کوردی نازانن."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی رەوتی ئازادیی کوردستان، تەنیا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا نزیکەی نیو ملیۆن کورد دەژین.
دکتۆر تارق دێرکی پێیوایە هەسەدە رۆڵێکی "نێگەتیڤ"ی هەبووە لە گۆڕینی دیمۆگرافیا و کەمبوونەوەی کورد لە رۆژئاوا، ئەو دەڵێت: "ئەگەر هەسەدە 20 هەزار شەهیدی هەبێت، ئەوە زیاتر لە 17 هەزاریان لە رۆڵەی کوردن، جگە لەوەش بەهۆی ئەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئارام بوون، عەرەبێکی زۆر لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە چوونەتە رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش دیمۆگرافیای ناوچەکەی گۆڕیوە."
پێکهاتە نەتەوەییەکان لە سووریا: ژمارە و رێژەکانیان بەپێی ئامارە نافەرمییەکە:
1- عەرەب
ژمارە: نزیکەی 18 ملیۆن.
رێژە: 70٪ بۆ 75٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: عەرەبی.
شوێنی نیشتەجێبوون: دیمەشق، حەلەب، حمس، حەما، ئیدلب، لازقیە، تەرتووس، قونەیترە، دەرعا، سوەیدا، دێرەزوور، رەققە و حەسەکە.
2- کورد
ژمارە: نزیکەی 4 ملیۆن.
رێژە: 15٪ - 17٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: کوردی.
شوێنی نیشتەجێبوون: حەسەکە، قامشلۆ، دێریک، سەرێ کانی، کۆبانی، عەفرین، گوندەکانی ئەعزاز، ئەلباب، تەل عەرن، تەل حاصل و تەل عەلەم. هەروەها شان بە شانی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە لە هەندێک شار و گوندەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، حمص، لازقیە و رەقە دەژین.
3- ئاشووری، سریانی، کلدانی
ژمارە: نزیکەی 400 هەزار.
رێژەی: نزیکەی 1.5٪ - 2٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: ئاشووری (ئارامی) و سریانی.
شوێنی نیشتەجێبوون: قامشلۆ، حەسەکە و دێرەزوور، هەروەها گوندەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
4- تورکمان
ژمارە: نزیکەی 400 هەزار.
رێژەی: نزیکەی 1.5٪ - 2٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: تورکی.
شوێنی نیشتەجێبوون: لە باکووری سووریا وەک پارێزگاکانی حەلەب، ئیدلب و لازقیە.
5- چەرکەس (قەوقاز)
ژمارە: نزیکەی 120 هەزار.
رێژە: نزیکەی 0.5٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: چەرکەسی (بە زاراوەی جیاواز وەک قەبەردی و ئەدیغی).
شوێنی نیشتەجێبوون: دیمەشق، گوندەواری دیمەشق، حمس و دەرعا.
6- ئەرمەن
ژمارە: نزیکەی 100 هەزار.
نزیکەی 0.4٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: ئەرمەنی (بە هەردوو زاراوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا).
شوێنی نیشتەجێبوون: دیمەشق، حەلەب و قامیشلۆ، لازقیە، تەرتووس.
7- ئارنائووت (ئەلبان)
ژمارە: نزیکەی 10 هەزار کەس.
رێژە: نزیکەی 0.04٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان: ئەلبانی.
شوێنی نیشتەجێبوون: حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری، دیمەشق و هەندێک شاری بچووکی باکووری سووریا.