ئەنەکەسە لە عەفرین: نزیکەی 300 هاونیشتمانی لە زینداندان

زیندانێکی سووریا؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و ماڵپەڕی The new Arab بڵاویکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین دەڵێت، لە عەفرین و دەوروبەری بە پاساوی پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەک هاونیشتمانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیرکراون و لە زینداندان.
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی لە زینداندان، نزیکەی 300 کوردن. بەشێکیان دوای رووخانی بەشار ئەسەد گەڕانەوە و زیندانیکران؛ بەشێکیشیان پێش ئەو کاتە زیندانیکرابوون و هێشتا ئازادنەکراون".
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە، ئەو کوردانەی لە زینداندان، تۆمەتەکانیان پەیوەندی پێشوویانە بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە، جا "پەیوەندی سەربازی بێت یان رێکخراوەیی".
 
هێشتنەوەی ئەو هاونیشتمانییانە لەکاتێکدایە، 10ـی ئاداری 2025، رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا.
 
بەگوتەی ئەحمەد حەسەن، ئەو هاونیشتمانییانەی دەستگیرکراون لە زیندانی ئەم شارانەدا دەستبەسەرن: عەفرین، راجۆ، بلبلێ، راعی، مارای و عەزاز.
 
ئەو هاونیشتمانییانەی دەستگیرکراون لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەوە زیندانیکراون کە بەگوێرەی شارەکان هەر ناوچە و بەدەستی گرووپێک یان زیاترەوەیە، لەوانە گرووپی عەمشات، حەمزات، ئەحرار شەرقییە و چەند گرووپێکی دیکە.
 
دوای رێککەوتنەکەی شەرع و عەبدی، گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بۆ ناوچەکانی خۆیان زیاتر بووە. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت "خەڵک زۆر دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانەوەی عەرەب لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ناوچەکانیان بەردەوامە".
 
ئەو ناوچانەی خەڵکیان بۆ دەگەڕێتەوە، عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپین، نزیکەی 7 ساڵە لەلایەن کۆمەڵێک گرووپی چەکدارەوە بەپشتیوانیی تورکیا بەڕێوەدەبرێن.
 
08-12-2024، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستانی کۆنترۆڵ نەکردووە کە لە ساڵی 2018ـەوە داگیرکراون.