نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا داوای پێداچوونەوە بە دەستووری وڵاتەکە دەکات

17-03-2024
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات بەشداریی گفتوگۆکانی جنێف تایبەت بە پێداچوونەی دەستوور بکاتەوە؛ هۆشداریشی دا کە گفتوگۆ سیاسییەکان "بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن."
 
رۆژی یەکشەممە، 17ی ئاداری 2024، گێر پیدەرسن، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا و فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، نێردراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەشداریکردنەوەی حکومەتی سووریای بۆ پێداچوونەوە بە دەستوور کرد. 
 
پیدەرسن بۆ رۆژنامەڤانان دوا و گوتی، "بارودۆخی سووریا زۆر قورسە و پێموایە کە هەموو ئاماژەکان بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەرۆن" بەتایبەت لە روانگەی ئاسایش، ئابووری و پرۆسەی سیاسییەوە. هەروەها دەشڵێت، "پێویستە بەردەوام بین لە کۆبوونەوە لە جنێف و پەرە بە لیژنەی دەستوور و کارەکانی بدەین بە جۆرێک کە هیوایەک بە هاووڵاتییانی سووریا ببەخشێت."
 
هەوڵەکانی پیدەرسن بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی لیژنەی پێداچوونەوە یان نووسینەوەی دەستووری سووریا لە تشرینی یەکەمی 2019 دەستیان پێکرد. ساڵی 2022 حکومەتی دیمەشق کە بە نزیک لە مۆسکۆ دادەندرێت، رەتیکردەوە کۆبوونەوەکان لە جنێف بەردەوام بن؛ ئەمە بووە هۆی وەستانی گفتوگۆکان. بیانووی دیمەشق بۆ رازینەبوون؛ گومانی حکومەتی وڵاتەکە بوو لە جنێف کە ناتوانێت بێلایەنی بپارێزێت؛ ئەمە دوای سەپاندنی کۆمەڵێک سزا بەسەر مۆسکۆ لەلایەن جنێفەوە. 
 
مانگی رابردوو پیدەرسن ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ و دیمەشق رەتیان کردووەتەوە رازیبن بە بەڕێوەچوونی نۆیەم گەڕی کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لە جنێف و تاوەکو ئێستاش شوێنێکی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان دیارینەکراوە؛ ئەگەر رازیببوونایە کۆبوونەوەکە مانگی نیسانی ئەمساڵ دەکرا. 
 
لە سەردانەکەی ئەمڕۆشیدا بۆ دیمەشق، نێردراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەرەوپێشچوونی سیاسی لایەنەکانی کرد؛ لایەنەکان بریتین لە نوێنەرانی حکومەتی سووریا، ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. 
 
هەرچەندە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە گفتوگۆکاندا هەوڵی لەکارلادانی حکومەتی ئێستای سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دەدەن، بەڵام ئامانجی ئەم گفتوگۆیانەی کە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێن، بریتییە لە پێداچوونە بە دەستووری وڵاتەکە. 
 
ئەو سەردانەی پیدەرسن بۆ سووریا لەکاتێکدایە 13 ساڵە شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر لە 507 هەزار کەس لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە. لەم چەند ساڵەی شەڕی سووریادا ژمارەیەک هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وڵاتەکە هەبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان سەرکەوتوو نەبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە