بە پشتیوانیی قەتەر و تورکیا، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکانی سووریا لە جەرابلوس دروستکرا


رووداو - هەولێر

قەتەر و تورکیا بەردەوامن لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکانی سووریا. رۆژی سێشەممە، 17-1-2023، مانگی سووری قەتەری و فەرمانگەی کارەسات و فریاگوزارییەکانی تورکیا - ئافاد، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونیان لە شاری جەرابلوسی باکووری سووریا بۆ ئاوارەکان کردەوە. 
 
کۆمەڵگەکە بە ناوی "گوندی تەراحوم"ـە و 36 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەشت باڵەخانەدا لە خۆدەگرێت؛ تۆڕی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و رێگەی بۆ دابینکراوە. 
 
بە گوێرەی مانگی سووری قەتەری، کۆمەڵگەکە دۆخی گونجاوی ژیان بۆ ئەو خێزانانە فەراهەم دەکات کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لەوانەش ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان مردوون، ئەو منداڵانەی کە سەرپەرشتن و ئەوانەشی لە کامپەکاندان. 
 
نوێنەرانی رێکخراوی مانگی سووری قەتەری و بەرپرسانی فەرمانگەی ئافادی تورکیا و ئەنجوومەنی نێوخۆیی جەرابلوس لە رێوڕەسمی کردنەوەکەدا ئامادەبوون. 
 
کردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە بەشێکە لە زنجیرەیەک پڕۆژەی دیکەی هاوبەشی تورکیا و قەتەر بۆ ئاوارە عەرەبەکانی سووریا کە بەشێکیان رەخنە و ناڕەزایی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و رێکخراوە مرۆییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە، بەهۆی دروستکردنیان لەسەر زەویی کوردانی ئاوارە بەهۆی هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، لەوانەش لە عەفرین. 
 
تەممووزی رابردوو، مانگی سووری قەتەری و ئافادی تورکی رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی لە شارۆچکەی بابی باکووری سووریا. 
 
پڕۆژەکە بە گوژمەی 3.5 ملیۆن دۆلار دەبێت بۆ دروستکردنی هەزار خانوو.