رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی جۆ بایدن لە دەسەڵات بێت، هێزەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە.
مایکڵ میشێل، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 16-12-2024 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسیەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریادا نەهاتووە.
لە رۆژی 8ی ئەم مانگەوە دەسەڵاتی سووریا کەوتووەتە دەست ئەحمەد شەرع و گرووپەکەی (دەستەی تەحریری شام) کە هەردووکیان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. سەبارەت بە دەرهێنانیان لە لیستی تیرۆردا، مایکڵ میشێڵ گوتی، "تائێستا حکومەتی ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی نوێی نییە سەبارەت بە سزاکان" بەڵام گوتیشی، "ئەمریکا بەپێی پێشهات و گۆڕانکارییەکان مامەڵە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەکات".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایکڵ میشێل، گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: ئەمریکا چۆن دەڕوانێتە کارەکانی ئەحمەد شەرع و کارەکانی دەستەی تەحریری شام؟
مایکڵ میشێل: وەکو لە چەند رۆژی رابردوودا لە وەزیر بلینکنمان بیست، ئەمریکا بە گشتی پێشوازی لە پێشهاتە نوێیەکانی سووریا دەکات و هەتا ئێستا سەرەتایەکی هاندەرمان بینیوە سەبارەت بە ویستی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان بکات، بەبێ رەچاوکردنی نەتەوە و ئایین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێشهاتانە مەترسی گەورەشیان هەیە، بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە، ئێستا تیشکمان سەر رێگریکردنە لە داعش کە ئەم دەرفەتە نەقۆزێتەوە بۆ راکێشانی سووریا بەرەو پشێوی زیاتر.
رووداو: ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە ئەحمەد شەرع و گرووپەکەی لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت؟
مایکڵ میشێل: ئەمە پرسیارێکی گرنگە و تێدەگەم لە گرنگی ئەم پرسیارە. هەتا ئێستا حکومەتی ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی نوێی نییە سەبارەت بە سزاکان، بەڵام وەکو لە سەرۆک بایدن و دواتر وەزیر بلینکنمان بیست، ئەمریکا بەپێی پێشهات و گۆڕانکارییەکان مامەڵە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەکات.
رووداو: سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ ئەنجامێکی هەبووە؟
مایکڵ میشێل: سەبارەت بە ئەنجامەکان، لە روانگەی حکومەتی ئەمریکاوە، ئەم کۆنفرانسە تیشک دەخاتە سەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری هەرێمی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان. لەلایەکی دیکەوە ئەمە زۆر گرنگە کە رێککەوتووین لەسەر بناخەیەک ئەگەر بمانەوێت پێکهاتە بنەڕەتییەکانی هەر حوکمێکی بەردەوام. ئەم پرەنسیپانەی لە راگەیێندراوی هاوبەشدا هاتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە دەمانەوێت لە پێکهێنانی هەر حکومەتێکی نوێی سووریادا ببینین، دەمانەوێت حکومەتێکی گشتگیر ببینین، کە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو هاووڵاتیانی سووریا دابین بکات و رێز لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەموو هاووڵاتیانی سووریا بگرێت.
رووداو: کۆبوونەوەکەیەکی گرنگ هەبوو لە عەقەبەی ئوردن، لە کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێک دەرچوو هاوکێشەی هێز لە سووریا بگۆڕێت؟
مایکڵ میشێل: یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە رێککەوتنێکی گرنگە لەسەر ئەوەی کە نیگەرانییەکی گەورەی ئەمنیمان هەیە سەبارەت بەم بۆشاییە ئەمنییە. کاتێک بە قۆناخێکی گواستنەوەدا تێدەپەڕین، رێککەوتووین لەسەر ئەوەی نامانەوێت هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی سوود لە بۆشاییە ئەمنییە وەربگرێت.
ئێمە دەمانەوێت حکومەتێکی نوێی سووریا هەڕەشە نەبێت بۆ دراوسێکانی سووریا. پەیامی سەرەکی کۆشکی سپی ئەوەیە کە ئەمریکا لە تەنیشت گەلی سووریاوە دەوەستێت، بەبێ رەچاوکردنی هیچ سزایەک لەم کاتەدا ئەمریکا گەورەترین وڵاتی پشتیوانیکەری گەلی سووریا بووە و بەردەوام دەبێت.
رووداو: هیچ نیگەرانییەکانتان هەیە لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا؟
مایکڵ میشێل: بەڵێ، وەکو لە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جەیک سولیڤانمان بیست لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل، ئەمە ئەگەرێکی راستەقینەیە و بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت ئەو رووبدات. هەر بۆیە وەزیر بلینکن سەردانی ناوچەکەی کرد تاوەکو هەموو لایەنەکان هانبدات کە پێکەوە کاربکەین لەپێناو گەلی سووریا لەم قۆناخە گواستنەوەیەدا، کە مەترسی راستەقینەی هەیە. پەیامی سەرەکی کۆشکی سپیش کەمکردنەوەی گرژییەکانە و دەبێت هەموو لایەک بەرژەوەندیی گەلی سووریا لە پێش هەموو شتێکەوە دابنێت لەم قۆناخەدا. نامانەوێت ببینین دەستکەوتە سەربازییە گەورەکان لەبەرچاومان لەناوبچن، ئەمە دوا شتە کە دەمانەوێت لەم قۆناخەدا.
رووداو: ئەنقەرە و واشنتن بۆچوونیان لەسەر کورد جیاواز بوو، ئایا لەم چەند رۆژەدا هیچی تازە هەیە سەبارەت بەم پرسە؟
مایکڵ میشێل: گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە کە لە پەیوەندی بەردەوام دابین لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، لەوانە تورکیا، هەر بۆیە وەزیر بلینکن سەردانی تورکیای کرد. تاوەکو بە تەواوی گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی سووریا بکات. ئەمە گرنگترین شتە بۆ ئێمە لەم قۆناخە گواستنەوەیەدا. ناتوانم بچمە نێو وردەکارییەکانی ئەم گفتوگۆیانەوە.
وەکو لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا گوتم، گرنگترین شت لەم کاتەدا بەردەوامبوونی هاوپەیمانیی دژی داعشە کە ئەمریکا دایمەزراندووە و هێشتا سەرکردایەتی دەکات. ئەم بابەتە ئەمنیانە گرنگترین شتن لەم قۆناخەدا.
رووداو: کورد دووەم نەتەوەی سووریان بەڵام هیچ نوێنەرێکیان لە حکومەتی راگوزەردا نییە، ئێوە چۆن سەیری ئەمە دەکەن؟
مایکڵ میشێل: وەکو لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەشدا گوتم، ئەو شتەی دەمانەوێت لەم قۆناخەی گواستنەوەدا ببینین، دامەزراندنی حکومەتێکی نوێی سووریایە کە بەهێز بێت و خاوەن سەروەری بێت، نوێنەرایەتی هەموو هاووڵاتیانی سووریا بکات، بەبێ رەچاوکردنی ئایین یان نەتەوە. ئەمە بناخەیە بۆ هەر حوکمێکی بەردەوام و بۆ سووریاش هەمان شتە. ئەمە ئەو شتەیە کە لەم قۆناخەدا ئێمە دەمانەوێت.
رووداو: ئایا هیچ گەرەنییەک هەیە هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا هێرش نەکاتە سەر کۆبانێ و رەقە؟
مایکڵ میشێل: بەڵێ، ئەمە بابەتێکی گرنگە. ئەمریکا بە چاوی نیگەرانییەوە سەیری ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لە سووریا دەکات، بەتایبەتی لەم قۆناخی راگوزەردا. وەکو پێشتر باسمکرد، رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەمیشە هەوڵدەدەن سووریا بەرەو تایفەگەری و پشێوی زیاتر ببەن، حکومەتی ئەمریکا بە تەواوی دەزانێت ئەمە دوا شتە گەلی سووریا دەیەوێت. هەر بۆیە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لەم ئەرکە دژی داعش و بەردەوام دەبین لە مانەوە لەسەر زەوی بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی گەلی سووریا.
رووداو: واتە هێزەکانی ئەمریکا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە؟
مایکڵ میشێل: بەپێی قسەکانی سەرۆک بایدن، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکان سەبارەت بە هاوپەیمانێتی دژی داعش نییە، ئەگەرێکی گەورە هەیە کە ئەم ئەرکە تاوەکو دوا ساتەکانی ئیدارەی بایدن بەردەوام بێت. بێگومان ناتوانم پێشبینی ئەوە بکەم لە داهاتوودا لە سەرۆکایەتی نوێدا چی روودەدات، بەڵام ئەمە پابەندبوونێکی تەواوی سەرۆک بایدنە.
رووداو: ئێستا دیار نییە چ جۆرە حوکمڕانییەک لە سووریا پەیڕەو دەکرێت، ئایا ئەمریکا پشتگیری فیدراڵی بۆ سووریا دەکات؟
مایکڵ میشێل: بەڵێ، ئەمە پەیامی سەرەکی بوو، نەک تەنیا لە سەرۆک بایدنەوە، بەڵکو لە وەزیر بلینکنیشەوە کە ئەمریکا لە تەنیشت گەلی سووریاوە دەوەستێت. بەبێ رەچاوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات، حکومەتی ئەمریکا هەمیشە پشتیوانی گەلی سووریای کردووە لە ماوەی ئەم ساڵە درێژەی قەیرانە مرۆییەکان، لەوانە قەیرانی پەنابەران. ئێستا لە داهاتوودا شەپۆلی گەورەی پەنابەران دەبینین کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە. ئەمریکا ئامادەیە بەپێی توانا پشتیوانی لەم رێکارانە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ