رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان لە پرۆسەی گواستنەوەدا پێگەی خۆیان لە بنادنانەوەی سووریای نوێدا هەبێت."
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ 16.12.2024 بڵاویکردووەتەوە، بانگەوازی بۆ هەموو لایەنەکان کرد و گوتی، "بانگی هەموو لایەنە سوورییەکان دەکەین کە بە هەڵوێستەکانیاندا بەرامبەر یەکدی بچنەوە و بەرژەوەندیی نیشتمانی هاوبەش لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریای کرد و داوای کرد سووریا لە هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە پەیوەندیدارەکانییەوە بپارێزرێت.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی لە ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە "دروستکردنی سووریای نوێ" بەیاننامەیەکی 10 خاڵی بڵاوکردەوە.
"بە رووخانی رژێمە دیکتاتۆرەکەی بەعس، سووریا چووە قۆناخێکی نوێوە. بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی دەرباز ببین لە قۆناخی گواستنەوە، پێویستە یەکگرتوو بین.
پێویستە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش یەکبگرین و پێکەوە کار بکەین. دەبێت سیاسەتی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن کە سووریای وێرانکرد، کۆتایی پێ بێت.
پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان لە پرۆسەی گواستنەوەدا شوێنی خۆیان لە بنیاتنانی سووریای نوێدا وەربگرن.
لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە هەموو لایەنە سوورییەکان دەکەین کە تێڕوانینەکانیان بەرامبەر بە یەکتر هەڵسەنگێننەوە و بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن.
لەسەر ئەم بنەمایە، دەبینین کە هاوکاری نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی لە دیمەشق لە بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان دەبێت.
ئەم هاوکارییە دەبێتە پشتیوانییەک بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی لەم قۆناخە دژوارە دەرباز ببین.
وەک بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، خۆمان بەرامبەر بە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە بەرپرسیار دەزانین.
بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان بەرامبەر بە گەلەکەمان، راگەیێندراوی دیالۆگی سووری-سووری بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ پێشکێش دەکەین.
ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی، رۆڵی ئەرێنی وڵاتانی عەرەبی و دۆستان کە پشتگیری هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا دەکەن، بە ئەرێنی دەبینین.
پێویستە ئەم پشتیوانییە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ بەردەوام بێت بۆ دابینکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بەپێی بنەماکانی دیموکراسی و دروستکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی سووری گشتگیر کە هەموو لایەک بەشداری تێدا بکات.
بۆ هەنگاونان کە وەک چارەنووسساز لەم قۆناخەدا دەیبینین، داوا لە هەموو هێزەکانی سووریا دەکەین پێکەوە لەسەر ئەم خاڵانە کار بکەن:
- پاراستنی یەکێتی و سەروەریی خاکی سووریا و پاراستنی لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی.
- پێویستە لە سەرانسەری خاکی سووریا چالاکییە سەربازییەکان رابگیرێن و دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بنیاتنانەوە دەستپێبکات.
- هەڵوێستی خۆشەویستی بگرنەبەر و خۆیان لە گوتاری رق و خیانەت لەنێوان سوورییەکان دوور بخەنەوە. سوریا بە هەموو پێکهاتە و رەنگەکانییەوە دەوڵەمەندە، پێویستە ئەم فرەڕەنگی و دەوڵەمەندییە لەسەر بنەمای دیموکراسیی دادپەروەرانە بپارێزرێت.
- بۆ یەکخستنی دیدگاکان سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوە، پێویستە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییە سورییەکان لە دیمەشق ببەسترێت.
- پێویستە بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسی چالاک بێت.
- سامان و سەرچاوە ئابوورییەکان موڵکی هەموو گەلی سووریان و دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری سووریادا دابەش بکرێن.
- دەبێت گەڕانەوەی دانیشتووانی رەسەن و ئەو کۆچبەرانەی بە زۆر ئاوارە کراون، دەستەبەر بکرێت. دەبێت میراتی کولتووریان بپارێزرێت و سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی کۆتاییان پێبهێنرێت.
- لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریادا، جەخت دەکەینەوە کە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەرهەڵنەداتەوە. ئەمەش بە هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەبێت.
- دەبێت داگیرکاری کۆتایی پێبێت و بڕیاری دیاریکردنی داهاتوو لە دەستی گەلی سووریادا بێت. دەبێت پرەنسیپی دراوسێیەتی باش جێبەجێ بکرێت.
- پێشوازی لە رۆڵی بنیاتنەری دەوڵەتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هەموو هێزە نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە سووریا دەکەین. داوایان لێدەکەین رۆڵێکی ئەرێنی و چالاک لە پێشکێشکردنی راوێژ، پشتیوانی گەلی سووریا و نزیککردنەوەی دیدی پێکهاتەکان بگێڕن. پێویستە ئەم رۆڵە بۆ پاراستنی ئاسایش و رێگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریا بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ