سەرۆکی دەستەی تەحریری شام لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە سەرکردایەتیی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات، شەوی رابردوو لە دیمەشق لەگەڵ گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە. 
 
ئیدارەی نوێی سووریا لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا "باس لە پێویستیی چاوخشاندنەوە بە بڕیارنامەی ژمارە 2254 کرا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئاسۆی سیاسیدا هاتوونەتە پێشەوە، کە وادەکەن گۆڕینی بڕیارنامەکە پێویست بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریا بگونجێت."
 
بڕیارنامەی 2254 لە کۆتایی ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرکرا، کە داوای ئاگربەست و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سیاسیی سووریا، دواتر نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردن بۆ سووریا دەکات. 
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، پیدەرسن گوتی، پۆلێنکردنی بەرەی نووسرە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە گرووپێکی تیرۆرست "بەربەستێکی روونە" لەبەردەم هەوڵەکانی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ بەرەوپێشچوون.
 
بەرەی نوسرە لە ساڵی 2016 جیابوونەوەی خۆی لە قاعیدە راگەیاند و ناوی خۆی بۆ دەستەی تەحریری شام گۆڕی. 
 
ئیدارەی نوێی سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئەحمەد شەرع (جۆلانی) جەختی لە "گرنگیی یەکپارچەیی خاکی سووریا، ئاوەدانکردنەوە و بەدیهێنانی گەشەی ئابووری کردەوە." جۆلانی هەروەها باسی لە "گرنگیی فەراهەمکردنی ژینگەییەکی ئارام بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و دابینکردنی پشتیوانیی ئابووری و سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە کرد."
 
پێش ئەوە، هەر لە رۆژی یەکشەممە، پیدەرسن داوایکرد پرۆسەی سیاسیی سووریا، "هەموو سوورییەکان" لەخۆبگرێت و گوتی: "ئەم پرۆسەیە پێویستی بەوەیە؛ سوورییەکان خۆیان سەرکردایەتیی بکەن" و، لە لایەن تەواوی جیهانەوە پشتیوانیی بکرێت.