هەسەدە: هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و کۆبانێ سەرکەوتوو نەبوون

38 خولەک له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکانی منبج و کۆبانێ "سەرکەوتوو نەبوون."
 
ناوەندی راگەیاندنی (هەسەدە)، شەوی دووشەممە 16-12-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و هۆکاری سەرنەکەوتنی راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەو دوو ناوچەیە بۆ "شێوازی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ هەوڵەکانی نێوەندگیری و خۆدزینەوە لە قبووڵکردنی خاڵە سەرەکییەکان" گەڕاندووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، لەگەڵ لایەنی بەرامبەر رێککەوتبوون، کە شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج و هاووڵاتیان لە منبجەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بگوازرێتەوە، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی گواستنەوەی تەرمی سولەیمان شا بۆ شوێنی پێشووی.
 
هەسەدە دەڵێت: "سەرەڕای بەشداریی ئەمریکا بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە زیادکردنی گرژییەکان."
 
رۆژی 10.12.2024ـەوە، لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستیپێکرد. دوای سێ رۆژ شەڕ ئاگربەست راگەیێندرا.
 
ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژی پێنجشەممە 12ی کانوونی یەکەم رایگەیاند: "رێککەوتنمان لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە ناوچەکانی منبج و دەوروبەری کردووە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەکان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی دیمەشق دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت". 
 
رۆژی شەممە زرێپۆشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گەیشتوونەتە نێو شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، ئامانجی هێزەکە ئەوەبوو لەوێوە بە ئاراستەی رۆژئاوا بڕۆن تاوەکو خەڵکی سڤیل و شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە منبج بگوازنەوە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەژێر هێرشی گرووپە چەکدارەکاندا بوو، پێش ئەوەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا شەڕەکە بوەستێنرێت. 
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، نەتوانراوە خەڵکی سڤیل و شەڕڤانان بگوازرێنەوە، بێ ئەوەی هۆکارەکانی روونبکرێنەوە. 
 
بڕیار بوو مەزارگەی سلێمان شا کە لای تورکیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لە گوندی ئاشمەی رۆژئاوای کۆبانێ بگوازرێتەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆی لە گوندی قەرە قۆزاخ، بەڵام نەکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە