رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعیی سووریا داوا دەکات تەواوی مافی کولتووری بە کوردانی سووریا بدرێت و لە 10 خاڵ دا کاری لە پێشینەی خەبات لە وڵاتەکە دا دەخاتەڕوو.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پێیوایە لە ژێر رۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە گرنگیدان بە سێ ئەرکی نیشتمانیی گەورە زیادیکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: خەبات لە دژی داگیرکاری بیانی و دەرچوونی هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی نیشتمان دا. دووەم: بەدیهێنانی سەربەخۆیی نیشتمانی و سەروەریی نیشتمانیی تەواوەتی. سێیەم: خەباتی نەپساوە لە پێناو یەکێتی خاکی نیشتمان دا.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی سووریا دەڵێت، بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە پێویستی بە یەکێتیی ریزەکانی سەرجەم نیشتمانپەروەرانی هەیە، لەگەڵ ئەو ئەرکە نیشتمانییە گەورانە، شیوعییە سوورییەکان پێیانوایە کاری لە پێشینەی خەبات ئەمانە لە خۆدەگرن:
1- بەدیهێنانی ئازادیی دیموکراسیی ئازادیی کۆبوونەوە، خۆپێشاندان، بڵاوکراوە، رۆژنامە، دروستکردنی پارت، کۆمەڵە، سەندیکا و بابەتەکانی دیکە.
2- بەدیهێنانی یەکسانیی تەواو لەنێوان هەموو هاووڵاتیان دا لە ئەرک و ماف دا، بەبێ لە بەرچاوگرتنی بیروباوەڕ، پێگەی کۆمەڵایەتی، پێدانی مافی تەواوی کولتووری بە کوردانی سووریا و کەمینەکانی دیکە.
3- پەسندکردنی دەستوورێكی نوێ بۆ وڵات، بە شێوەیەکی دیموکراسییانە، ئەوەش لە رێگەی ئەنجوومەنێکی دامەزراندنی هەڵبژێردراو دا لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی رێژەیی، بەشداری زۆرترین نوێنەرایەتیی پێکهاتەی هاووڵاتیانی وڵاتی لەخۆگرتبێت.
4- رێزگرتن لە ئازادیی بیروباوەڕ، کە گرنگییەکی تایبەتی لە سووریا هەیە، گرنگی ئەمە لەوە دەردەکەوێت کاتێک پێشەنگانی بزووتنەوەی نیشتمانیی لە سووریا دروشمی ئەوەیان جاڕدا "ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان".
5- پاراستنی کەرتی گشتیی، کە رۆڵێکی گەورەی لە گەشەپێدانی وڵات هەیە و رۆڵیکی گرنگی هەبێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی دا.
6- گەڕاندنەوەی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترینیان بواری خزمەتگوزاریی تەندروستیی حکومیی خۆڕایی و دیموکراسی خوێندن.
7- هاندانی بەرهەمی نیشتمانی، بەتایبەتی هەردوو لقی سەرەکی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پاراستنی لە بەرهەمی بیانی و گەڕاندنەوەی ئاسایشی کشتوکاڵ.
8- پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ ژنانی سووریا بەدیهاتوون، کاربکرێت لە پێناو یەکسانی تەواوەتیی نێوان ژن و پیاو.
9- پاراستنی دەوڵەمەندی و فرەیی رۆشنبیریی نیشتمانیی سووریا و هاندانی کاری هونەریی داهێنەرانە لە تەواوی کایەکاندا.
10- لە بواری سیاسەتی دەرەوە بنەمای بێلایەنی ئەرێنیی پیادە بکرێت، کە هاوتابێت لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی و دەربازبوون لە هەر هەژموونێکی ئیمپریالستی نێودەوڵەتیی، یاخود هەرێمی.
حیزبی شیوعیی سووریا پێیوایە بەدیهێنانی ئەو ئەرکانە، دەبێتە گەڕاندنەوەی نیشتمانیی سووریا بۆ پێگەی پێشووی خۆی، "ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە شیوعییەکانی سووریا خەباتی بۆ دەکەن کە نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیارە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ