رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، لە زنجیرە هێرشێکدا 12 ئەندامی داعشیان لە سووریا کوشتووە. سێنتکۆم دەڵێت، هێرشەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیا کراون.
رۆژی دووشەممە 16-12-2024 فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان چەند بۆردوومانێکی ئامانجداریان کردووەتە سەر "چەند کامپێکی داعش و چەند ئەندامێکی لە سووریا."
سێنتکۆم رایگەیاند، هێرشەکان لە 16-12-2024 بوون و تێیاندا، "12 تیرۆریست کوژران."
سێنتکۆم هەروەها رایگەیاند، هێرشەکانی دژی سەرکردەکانی داعش، ئەندامانی داعش و کامپەکانیان بەشێکن لە، "ئەرکی بەردەوامی پەکخستن، کەمکردنەوە و بەزاندنی داعش؛ بۆ ئەوەی رێگە لەو گرووپە تیرۆریستییە بگیرێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەوە. هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە داعش هیچ دەرفەتێکی سەرهەڵدانەوەی لە نێوەڕاستی سووریا نابێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئەو هێرشانە "لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی رژێمی پێشوو [بەشار ئەسەد] و رووسیا کراون، ئەمەش واتا داعش گوشاری زۆری کراوەتە سەر."
سێنتکۆم راشیگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ زانینی زیانەکانی هێرشەکە بەردەوامە و "هیچ ئاماژەیەک نییە کە خەڵکی سڤیل بەرکەوتبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ