رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی چڕی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ناوچەی تەرتووس لە رۆژئاوای سووریا.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ژمارەیەک شوێن، لەنێویاندا یەکەی بەرگریی ئاسمانی و کۆگەی مووشەکی زەوی بە زەوی."
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەوانە "سەختترین هێرش بوون" بۆ سەر رۆژئاوای سووریا لە ساڵی 2012ـەوە کرابن.
بە گوتەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێش ئەوەش هەر لە رۆژی یەکشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر شاری دێرەزوور، دوایینیان دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی شارەکەی کردە ئامانج.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە 8ی ئەم مانگەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامبووە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا لە قووڵایی خاکی وڵاتەکە. هەروەها لە لای گۆلانەوە، دەستی بەسەر رووبەرێکی بەرچاوی خاکی سووریادا گرت، ئەوەش بە پاساوی رێگریکردن لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل.
هێرشە ئاسمانییەکان تاوەکو ئێستا نەبوونەتە هۆی زیانی گیانی، بەڵام زۆربەی توانا سەربازییەکانی سووریایان لەنێوبردوون.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ئەم قۆناخە راگوزەرەی سووریا، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، رایگەیاندووە کە "هێزە نوێیەکان نایانەوێت لەگەڵ ئیسرائیل بکەونە ململانێوە."
شەرع هەروەها باسی لەوە کرد "ئیسرائیل پاساوی بێبنەما بۆ رەواییەتیدان بە هێرشەکانی بۆ سەر سووریا بەکاردێنێت،" و گوتیشی: "ئیدی بیانووەکانی ئیسرائیل هیچ بنەمایەکیان نییە و رەوایەتیی بە دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی نادەن. ئیسرائیلییەکان بەشێوەیەکی روون یاساکانی شەڕیان پێشێلکردن، کە ئەوەش مەترسیی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە لێدەکەوێتەوە."
لەو بارەیەوە، هێرتسی هالیێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، نایانەوێت دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی سووریادا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ