بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانیان، کە لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە سووریا بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024 حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانیان بەناوی ئەحمەدڕەزا ئەفشاری لە هێرشێکی ئەم دواییەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لەنێو خاکی سووریادا کوژراوە.
 
حوسێن سەلامی لە پەیامێکدا گوتی، بەرپرسەکەیان "لە هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە سووریا بریندار ببوو، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گوێزرابووەوە ئێران، بەڵام رۆژی پێنجشەممە بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا."
 
فەرماندەی سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، ئەو ئەفسەرە راوێژکاری سەربازییان بووە لە سووریا و ئەندامێکی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، لە هێرشێکدا لە رۆژهەڵاتی سووریا پێنج چەکداری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کوژران.
 
مانگی حوزەیرانیش، سێ چەکداری گرووپێکی لایەنگری ئێران کە لانیکەم دووانیان عێراقی بوون، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک سنووری عێراق و سووریا کرانە ئامانج و کوژران.
 
گرووپەکانی لایەنگری ئێران، لەنێویاندا حیزبوڵڵای لوبنانی، بە درێژایی جەنگی نێوخۆی سووریا، پشتیوانییان لە بەشار ئەسەد کردووە.