دوای 11 ساڵ، سووریا بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیدا کردەوە

رووداو  دیجیتاڵ

دوای یازدە ساڵ، سووریا بەشداریی لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیدا کرد، ئەوەش وەک ئامادەکاریێک بۆ لووتکەی کۆمکارەکە، کە رۆژی هەینی لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
 
محەممەد جەدعان، وەزیری دارایی سعودیە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە، 15-5-2023ـی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەخێرهاتنی سووریای کرد و گوتی "چاومان لەوەیە لەگەڵ هەموواندا کاربکەین بۆ ئەوەی ئەو شتەی هیوای بۆ دەخوازین، بەدەستی بێنین".
 
ئەمە، یەکەمین جار بوو بەرپرسانی سووریا لە کۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیدا بەشداربن، دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2011، بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە، ئەندامیێتیی دیمەشق هەڵپەسێردرا.  
 
پێشتر هەر لەم مانگەدا، کۆمکارەکە بە فەرمی پێشوازیی لە گەڕانەوەی حکومەتی سووریا کرد، بەوەش گەڕانەوەی بەشار ئەسەد بۆ باوەشی عەرەبی، زامنکرا. 
 
شا سەلمانی سعودیە، بەشار ئەسەدی بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی رۆژی هەینی بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بکات لە شاری جەدە، ئەوەش دەبێتە یەکەمین بەشداریی ئەسەد لەنێو کۆبوونەوەکانی کۆمکارەکە دوای لووتکەی لیبیای ساڵی 2010.
 
لەکاتێکدا ئەسەد توانی چنگی خۆی لە دەسەڵات تووندبکات و زۆربەی خاکی وڵاتەکەی بە شەڕێکی خوێناوی و بە پاڵپشتیی ئێران و رووسیا خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، وڵاتانی ناوچەکە وردە وردە بە روویدا کراوەتر بوون.
 
ئیمارات لە ساڵی 2018 پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاساییکردەوە و لەو کاتەشەوە سەرکردایەتیی گەڕاندنەوەی دیمەشقی کردووە بۆ نێو ریزی وڵاتانی عەرەبی.